"لە شەڕی دژی تیرۆریستان باشترین سوودمان لە ئەڵمانیا وەرگرتووە"

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان ئەنوەر حاجی عوسمان لە لێدوانێكدا باسی لە رۆڵی ھێزەكانی ھاوپەیمانان كرد و گوتی: "لە راستیدا ئەو شەڕەی رووبەڕووی كوردستان بووتەوە شەڕێكی قورسە و بە ھاوكاری ھاوپەیمانان و بە شانازییەوە پێشمەرگەی كوردستان توانی داعش تێكبشكێنێت و بە سوپاسەوە ھێزی ھاوپەیمانان لە ناوەڕاستی شەڕەكەدا توانیان لە رێگەی فڕۆكەوە پشتیوانی لە پێشمەرگە بكەن".

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان زیاتر ئاماژە بە پشتیوانی ھاوپەیمانان كرد وەكو راھێنەری سەربازی و كۆمەڵیك ھاوكاری و پاڵپشتی و گوتی: "ھێزەكانی ھاوپەیمانان جگە لە پشتیوانی ئاسمانی هەروەها مەشق و راھێنانیان بە پێشمەرگە كردووە و لە رووی سەربازی و كۆمەڵێك بواری دیكە و ھیوادارین لە ئایندەدا پێشمەرگەی كوردستان پێویستی بەوە نەبێت كە لە دەرەوە راھێنان و مەشقی پێ بكرێت".

سەبارەت بە راوێژكاری ئەڵمانیا لە ھەرێمی كوردستان و بە تایبەت دوای ئەوەی بنكەیەكی ئەڵمانی كرایەوە بۆ مەشق و راھێنانی پێشمەرگە، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەنوەر حاجی عوسمان گوتی: "سوپاس بۆ ھێزی ھاوپەیمانان بەگشتی و ئەو راوێژكارانەی كە لە ھەرێمی كوردستان و لە دەرەوە پاڵپشتی ئێمە بوون، بەڵام لە نێو ھەموویان ئەڵمانیا توانی باشترین چەك بگەیەنێتە دەست پێشمەرگە وەك چەكی میلان و ھێنانی ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ، ھەروەھا بنكەی راھێنان كە پرۆژەیەكی ئێجگار گرنگ بوو بۆ ئێمە و لە بری ئێمە پێشمەرگە بنێرینە دەرەوە بۆ راھێنان، ئەوان ھاتوون لێرە راھێنان بە ھێزەكانمان دەكەن و فێری ئەوەیان دەكەن كە چۆن چەك بەكار بھێنین و چەكەكان چاك بكەنەوە".

لەبارەی ئەوەی كە ئایا سەربازگەی راوێژكارانی ئەڵمانیا تایبەتە یاخود لەگەڵ ھێزەكانی پێشمەرگە بەیەكەوەن، ئەنوەر حاجی عوسمان گوتی: "بە گشتی ھێزەكانی ئەڵمانیا بە ھاوبەشی لە بوارە جۆراوجۆرەكان مەشق بە ھێزەكانی پێشمەرگە دەكەن و بە جۆرێك ھەر سێ‌ مانگ جارێك شارەزایانی یەكێك لە وڵاتەكان سەرپەرشتی خول و راھێنانەكان دەكات و لە ئێستادا راھێنەری ئەڵمانیا سەرپەرشتی خول و مەشقەكان دەكات و ھەست دەكەین حكوومەتی ئەڵمانیا زیاتر ھاوكاربووە و ئێمە باشترین سوودمان لە ئەڵمانیا وەرگرتووە و بە گشتی ئەڵمانیا كاری چاكی بۆ ئێمە كردووە".

































AA
Top