سهرۆكایهتیى حكوومهت لهگهڵ مامۆستایان تاوتوێى دۆخى ئهمڕۆ دهكات
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 24-1-2016 بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ مامۆستایان و كارمەندانی هەردوو كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
لە سەرتای كۆبوونەوەكەدا هەردوو بەڕێزان وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پوختەیەكیان دەربارەی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و كاریگەریی خراپی قەیرانی دارایی لەسەر دۆخی ژیانی مامۆستایان پێشكەش كرد و سوپاس و پێزانینی وەزارەتەكانیان بۆ مامۆستا و كارمەند و مووچەخۆرانی هەردوو كەرتەكە دووپات كردەوە كە لەم قەیرانەدا بەرگەی زۆر سەختییان گرتووە و هێشتا بە خۆڕاگری لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان بەردەوامن و هیوایان خواست حكوومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت چارەسەرێكی بەپەلە بۆ قەیرانی دارایی و كەمكردنەوەی مەینەتییەكانی مامۆستایان و كارمەندانی هەردوو كەرتەكە بدۆزێتەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئاماژەی بە دۆخی سەختی مامۆستایان و كارمەندانی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا كرد و دووپاتی كردەوە كە لە ئەنجامی ئەو قەیرانە داراییەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، مامۆستایان و كارمەندانی هەردوو كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە دۆخێكی زۆر سەختدا دەژین و بەرگەی گەلێك نەهامەتی و سەختییان گرتووە.
ههروهها بە ناوی مامۆستایان و كارمەندانی ئەم بوارەوە داوای لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد هەرچییەكیان كردووە پەلە بكەن لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و سووككردنی باری قورسی مامۆستایان و كەمكردنەوەی كێشە و مەینەتییەكانیان كە كاریگەرییەكی خراپی كردووەتە سەر پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و بۆتە هۆكاری كەوتنەوەی چەندین كێشەی كۆمەڵایەتیش، ههروهها كۆمەڵێك داواكاریی بەپەلە و ئایندەییشى پێشكەش بە سەرۆكایەتیی حكوومەت كرد.
لاى خۆیانهوه ژمارهیهك له مامۆستایانیش تیشكیان خستە سەر كۆمەڵێك كێشە و گیروگرفتی دیكە لە بواری پەروەردەدا و داوایان كرد حكوومەت هەوڵی جددی بدات بۆ چارەسەركردنیان و دووپاتیان كردەوە كە قەیرانی دارایی كاریگەرییەكی زۆر خراپی لە دۆخی ژیانی مامۆستایان و كارمەندان و مووچەخۆرانی هەردوو كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و ئاڵۆزبوونی زیاتری كێشەكان كردووە و ئەگەر چارەسەرێك نەدۆزرێتەوە، پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر هەڕەشە، چەندین ڕاسپاردە و سەرنج و تێبینیشیان بۆ چۆنیەتیی تێپەڕاندن و چارەسەركردنی ئەم قەیرانە خستەڕوو.
لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپات كردنەوی ڕێز و پێزانین بۆ مامۆستایان و كارمەند و مووچەخۆرانی هەردوو كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان كە هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا چەندین جار بەرگەی قەیران و كێشە و كەموكوڕییان لە هەرێمی كوردستان گرتووە و دڵسۆزانە و نیشتمانپەروەرانە نەیانهێشتووە پرۆسەی خوێندن و فێركردن لە هەرێمی كوردستان پەكی بكەوێت، جەختیشی لەوە كردەوە كە لە ساڵی 1991ەوە تا ئێستا یەكەمین جارە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێكی وەها سەختی دارایی ببێتەوە و ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.
بەرێز سەرۆك وەزیران ڕاشكاوانە لەگەڵ مامۆستایان و بەشدارانی كۆبونەوەكە تیشكی خستە سەر دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و دووپاتی كردەوە كە داهاتی ئێستای هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك بەشی خەرجییەكان ناكات، بۆیە پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت كە داهاتەكان زیاتر و خەرجییەكان كەمتر بكرێتەوە و لە كۆتاییدا ئەوەی وەكو داهات دەكەوێتە دەستی حكوومەت بەپێی پلانێك بۆ دابەشكردنی مووچە و بەڕێوەبردنی كاروبارەكان خەرج بكرێت. ههروهها ههمووانى دڵنیا كردهوه كه ههرێمى كوردستان ئهم قهیرانهش به سهركهوتوویى تێدهپهڕێنێت.
دهربارهى ئهو نیو مووچهیهش كه به سهر مامۆستایاندا دابهش كرا و له ههندێ له دهزگاكانى ڕاگهیاندندا به شێوهیهكى خراپ مامهڵهى لهگهڵدا كرا و بۆ مهرامى ئاڵۆزكردنى زیاترى دۆخهكه بهكارهێنرا، بهڕێز سهرۆك وهزیران دووپاتى كردهوه كه به هیچ شێوهیهك حكوومهت بڕیارى نهداوه مووچهى هیچ كهسیك ببڕێت، یان نیو مووچه بدات و ههمووانى پشتڕاست كردهوه كه نیوهكهى تریش دهدرێت و مووچهى هیچ فهرمانبهر و مووچهخۆرێك نافهوتێت.
هەروەها بە سنگێكی فراوانەوە ڕەخنە و تێبینی و سەرنجی مامۆستایانی قبووڵ كرد و داكۆكی لەوە كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە ڕێزەوە دەڕوانێتە خۆڕاگری و بەرگەگرتن و داواكاری و ڕەخنە و تێبینییەكانی مامۆستایان و هەموو هەوڵێك دەدات كە ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت.
ئاماژەی بەوەش دا لە دوای پێشمەرگە كە ئەولەویەتی پلە یەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، مامۆستایان و كارمەندان و مووچەخۆرانی هەردوو بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا بە پلە دووهمی ئەولەویەتی حكوومەتی هەرێم دێن و هەوڵ دەدەن لە هەر چارەسەرێكدا كەمترین پاڵەپەستۆ بكەوێتە سەر مووچەخۆران و كارمەندانی هەردوو بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، چونكە ئەم هەردوو كەرتە نەوەی دواڕۆژی هەرێمی كوردستان پێدەگەیەنن.
لای خۆیەوە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بە تێروتەسەلی تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكانی حكوومەت لە دانانی پلانێكی تۆكمە بۆ تێپەڕاندن و چارەسەركردنی ئەم دۆخە و ئاماژەی بە وۆركشۆپەكەی دوێنێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە تیایدا وێڕای سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، هەموو وەزیران و بەڕێوەبەرانی گشتیی پەیوەندیدار و پسپۆڕان و مامۆستایانی زانكۆ و ئەكادیمیست و شارەزایانی بیانی بەشداریان تێدا كرد و تیایدا چەندین تێبینی و ڕاسپاردە و زانیاری بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە خرانە ڕوو، دووپاتیشی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی داهاتوودا پلانی خۆی بۆ چۆنیەتیی تێپەڕاندن و چارەسەركردنی ئەم دۆخە ڕادەگەیەنێت.
هەروەها دووبارە بە ناوەی سەرۆكایەتیی حكوومەت و ئەنجومەنی وەزیرانەوە سوپاسی مامۆستایان و مووچەخۆران و كارمەندانی هەردوو بوارەكەی كرد كە تا ئێستا بەرگەی دۆخەكە و سەختیی قەیرانەكەیان گرتووە و نەیانهێشتووە پرۆسەی فێركردن و خوێندن لە هەرێمی كوردستان پەكی بكەوێت.
