بەهۆی قەیرانی دارایی نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دادەبەزێت

بەهۆی قەیرانی دارایی نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دادەبەزێت
لە ئەنجامی ئەو قەیرانە داراییەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و بەهۆی دابەزینی خواست لە سەر کاڵاکان و زیادبوونی خستنەڕووی ئۆتۆمبێل بەهۆی پێویستیی هاووڵاتییان بە پارە، نرخی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە دابەزینە.



”هەژار قادر عەبدوڵا“، یەکێک لەو کەسانەی کە کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە نێو پێشانگاکانی تایبەت بە ئۆتۆمبێل لە هەولێر دەکات، بە ”باسنیوز“ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە ئەنجامی کەمبوونەوەی پارە لە نێو خەڵکی و دابەشنەکردنی مووچە، بەشێکی زۆری شۆفێران ئۆتۆمبێلەکانیان دەفرۆشن. گوتیشی: ”بەشێکی زۆری ئەو شۆفێرانەی کە ئۆتۆمبێلەکانیان دەفرۆشن، بۆ ئەوەیانە کە ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل کۆنتر بکڕن و بڕێک پارەیان بە دەستەوە بمێنێتەوە“.



بە پێی زانیارییەکان، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و لە 1\1\2015ەوە تاوەکو ئێستا، نرخی هەر ئۆتۆمبێلێک بە لانی کەم، 1200 دۆلار دابەزیوە، ئەمەش بۆ ئۆتۆمبێلە بچووکەکان، بۆ نموونە ئێستا ئۆتۆمبێلێکی (تویوتا - کرۆلا (بیکاشۆ)، شێوەی تازە و مۆدێل 2014 لە بازاڕدا بە 14 هەزار دۆلارە کە دەکاتە (دەفتەرێک و 40 گەڵا)، لە کاتێکدا پێشتر نرخی ئەو ئۆتۆمبێلە زیاتر لە 16 هەزار دۆلار بووە. هەرچی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانی هاوشێوەی (تویوتا - لاندکرووز) یان (ڕانج ڕۆڤەر) و ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانی دیکەیە، نرخەکانیان بە هەزاران دۆلار دابەزیوە و کڕیاریشیان یەکجار کەم بووەتەوە.



هەر کەسێک لە ئێوارەی ڕۆژانی (هەینی و شەممە)دا سەردانی پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکات، دەبینێت کە ژمارەیەکی یەکجار زۆری شۆفێران، بە مەبەستی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکانیان وەستاون، بەڵام تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمیان، دەتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان بفرۆشن.







باسنیوز
Top