نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆکان و مامۆستایان کۆدەبێتەوە

 نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆکان و مامۆستایان کۆدەبێتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 24\1\2016 لە شاری هەولێر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی زانکۆکان و مامۆستایانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کۆببێتەوە.



لەمبارەیەوە”ئەحمەد گەرمیانی“، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە نێوان مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە، مامۆستایانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەرۆکی زانکۆکان و یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و ”نێچیرڤان بارزانی“سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ”قوباد تاڵەبانی“، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و پرسە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت.



گەرمیانی جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە حکوومەت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پاساوی پێویستیان پێبدات و بەرچاویشیان سەبارەت بە ئایندەی دۆخی دارایی و پرسی چاکسازی پێبدات. گوتیشی: ”بارودۆخی ئابووریی و بژێویی ژیانی مامۆستایان لە سەر مووچەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتگیری لە بەرنامەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەڵام دەبێت حکوومەتیش چاکسازییەکان خێراتر بکات. ئێمە هاوکار بووین، چاوەڕوانیشین بزانین ئەم بارودۆخە بە کوێ دەگات“.



بەهۆی ئەوەی تەنیا نیو مووچەی مانگی 9ی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابەش کرا، ناڕەزاییەکی زۆر لە نێو مامۆستایان درووست بووە و لە چەند لقێکی یەکێتیی مامۆستایانیشدا، هەڵوێستی جۆراوجۆر گیراونەتە بەر.












باسنیوز
Top