گەشتی عومرە دەستپێدەكاتەوە و نرخ دادەبەزێت
لەم هەفتەیەدا گەشتی عومرە دەستپێدەكاتەوە و پێشبینی دەکرێت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە رێژەی گەشتەكان بۆ زیاتر لە 50% کەمببێتەوە و نرخیش لە 925 دۆلارەوە بۆ 700 دۆلار دابەزێت.
شێخ قاسم بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومەرەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "لەم هەفتەیەدا، یەكەم گەشتی عومرە بەشێوەی ترانزێت دەستپێدەكات و لەكۆتایی هەفتەشدا لەڕێگەی هێڵی ئاسمانی عێراقییەوە گەشتەكانی عومرە دەستپێدەكەن".
بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند "هەرچەندە بەفەرمی نرخمان دیارینەكردووە، بەڵام پێشبینی دەكەین، نرخ هەر گەشتیارێك تاوەكو 700 دۆلار بێت، ئەوە لەكاتێكدا كەمترین نرخی عومرە لەساڵی پێشوو 925 دۆلار بوو".
بۆ گواستنەوەی عومرەكاران، ئەمساڵ 41 كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستاندا مۆڵەتیان وەرگرتووە.
هەر بەهۆی قەیرانی داراییەوە، شێخ قاسم بەرزنجی پێشبینی دەكات رێژەی گەشتیارانی عومرە لەمساڵدا بۆ 50% دابەزێت.
بەپشتبەستن بەو ئامارانەی وەزارەتی ئەوقاف راگەیاندووە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە ساڵ لەدوای ساڵ گەشتەكانی عومرە كەم دەبێتەوە.
لە ساڵی 2013 دا 63 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستانەوە گەشتی عومرەیان كردووە. لە ساڵی 2014 ئامارەكە دابەزی بۆ زیاتر لە 40 هەزار كەس، لە2015 دا نزیكەی 30 هەزار كەس بووە و پێشبینیش دەكرێت لەمساڵدا كەمتر لە 15 هەزار كەس گەشتی عومرە بكەن.
رووداو
