حەشدی شەعبی هەڕشەی كوشتن لە بەڕێوەبەری سایلۆی خورماتوو دەكات
"نەجات محەمەد" ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی شارۆچكەی خورماتوو ڕاگەیاند: "چەكدارانی حەشدی شەعبی لەناو شارۆچكەی خورماتوو كێشە و گرفت بۆ فەرمانبەرانی سایلۆی خورماتوو دروست دەكەن و ناهێڵن بچنە سەر دەوامەكانیان و ئەویش بەهۆی ئەوەی كە هێزی پێشمەرگە ئێستا پاراستنی سایلۆكەی لە ئەستۆ گرتووە و ئەوانیش بۆ گەڕانەوەی ئەو فەرمانبەرانە مەرجی سەرەكییان ئەوەیە پێشمەرگە لە سایلۆكە نەمێنێت و بدرێتە دەست ئەوان."
گوتیشی: "ئەو چەكدارانە بەوەش نەوەستاون و ئێستا هەڕەشەی كوشتنیان لە بەڕێوبەری سایلۆكە كردووە بەوەی كە ئەگەر بچێتەوە سەر دەوامەكەی ئەوا خۆی منداڵەكانی تیرۆر دەكەن."
ئەو ئاماژەشی بەوەش دا "كە ئێستا ئەو بەڕێوەبەرە كە توركمانی شیعەیە نەگەڕاوەتەوە سەر دەوامەكەی و تاكوو دوو ڕۆژی دیكە نەچێتەوە سەر دەوامەكەی ئەوا ئەنجومەنی شارەوانیی خورماتوو بڕیاری لادانی دەدات بۆ ئەوەی كەسێكی دیكە لە جێگەكەی وەكوو بەڕێوەبەر دەستبەكار بێت."
باسنیوز
