کوردانی ئێزدی راپۆرتەکەی ئەمنستی لەبارەی پێشمەرگە رەتدەكەنەوە

 کوردانی ئێزدی راپۆرتەکەی ئەمنستی لەبارەی پێشمەرگە رەتدەكەنەوە
بنکەی کولتووری و سۆشیالی لالش لە ئەڵمانیا، وەڵامی راپۆرتەکەی ئەمنستی سەبارەت بە پێشمەرگە دەدەنەوە و بە نابەرپرسانە و چەواشەکار ناویدەبەن.

بنکەی کلتوری و سۆشیالی لالەش لە ئەڵمانیا کە نوێنەرایەتی کوردانی ئێزدی لە ئەوروپا دەکات، لە لە بەیاننامەیەکیدا کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە و وێنەیەکیشی بۆ رووداو نێردراوە، ئاماژەیان بەوەکردوو، کە رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنسنی ئینتەرناشناڵ) لە راپۆرتەکەیدا "تەنیا پرسیاری لەو خێزانە عەرەبانە کردووە کە پیاو و کوڕەکانیان چوونتە ناو داعش".

بەیاننامەکەی ئێزدیەکان، جەختیشی لە رۆڵی پێشمەرگە کردووەتەوە لە شەڕی دژ بە داعش و رایگەیاندووە "پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی داعش دەکات، ئەگەر بێت و پێشمەرگەش شەڕی داعشی نەکردایە، ئەوا داعش زۆر بە ئاسانی ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی خۆی فراوان دەکرد و ئێستا پەلیدەهاوێشتە وڵاتەکانی دیکەی ناوچەکە و دواتریش بۆ ئەوروپا".

لە بەیاننامەکەیاندا، ئێزدییەکان رەخنەی توند ئاراستەی ئەمنستی دەکەن و دەڵێن "کاتێک داعش هێرشیکردە سەر ئێزدییەکان و بە هەزاران کچ و ژنی ئێزی رفاند، ئەو کاتە ئەمسنی لە کوێ بوو تاوەكو راستییەکان بگوازێتەوە و بە جیهانی رابگەێنێت".

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لە تازەترین راپۆرتیدا سەبارەت بە دۆخی ململانێکانی عێراق، هێزی پێشمەرگەی کوردستان تۆمەتبار دەکات، بەوەی "بەئەنقەست و هەندێکجار بەبێ هۆ دەستیکردووە بە وێرانکردن، سووتاندن و داڕووخانی ژمارەیەک گوند و ناوچە عەرەبییەکان، ئەمەشی وەک تۆڵەکردنەوەیەک ئەنجام داوە؛ بە بیانووی ئەوەی ئەوان پاڵپشتی گرووپی چەکداری داعشیان کردووە".

دۆناتێللا رۆڤێرا، سەرپەرشتیاری راپۆرتەکەی ئەمنستی دەڵێت "هێزی کورد وێرانکارییان لەو گوندانە ئەنجامداوە، کە لەدەستی داعشدا بوون و ئێستا کۆنترۆڵیان کردووەتەوە".

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە یەکەمین کاردانەوەدا بەرامبەر بەو راپۆرتە رایگەیاند، هۆكار سەرەكی وێرانبوونی گوندەكان مینرێڕكردنی ناوچەكانە لەلایەن داعشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام فڕۆكەی جەنگی بنكە و بارەگای داعش بۆردوومان دەكات، كە لەنێو ماڵ و حاڵی خەڵكن، بۆیە ئەو ناوچانە وێرانبوون.











رووداو -
Top