بارزانی: سەرکردەکانی جیهان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی رێککەوتنی سایکس-پیکۆ کۆتایی هاتووە

 بارزانی: سەرکردەکانی جیهان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی رێککەوتنی سایکس-پیکۆ کۆتایی هاتووە
(مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت سەربەخۆیی کوردستان لە هەموو کاتێک نزیکتر بووەتەوە. داوایش لە سەرکردەکانی جیهان دەکات ددان بە شکستی رێککەوتنی سایکس-پیکۆدا بنێن و بیر لە رێککەوتنێکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەنەوە.

لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای بەریتانیایی، (سه‌رۆك بارزانی) هانی سەرکردەکانی جیهان دەدات رێککەوتنێکی نوێ بکرێت کە رێگە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان خۆش بکات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەشبینیشە بەوەی کە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەریکە دێتە سەر ئەو بڕوایەی کە هەردوو دەوڵەتی عێراق و سووریا تازە بە یەکگرتوویی نامێننەوە و، سەلما کە سیستمی "پێکەوەژیانی بە زۆرەملێ" لە ناوچەکەدا هەڵەیە".

ئەمساڵ یادی سەت ساڵەی واژۆکردن و کۆتاییهاتنی رێککەوتنی سایکس-پیکۆیە، کە لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیادا بۆ نەخشەڕێژکردنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واژۆ کرا. (سه‌رۆك بارزانی) لەبارەی ئەو رێککەوتنەوە گوتی: "سەرکردەکانی جیهان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی رێککەوتنی سایکس-پیکۆ کۆتایی هاتووە. چ ئەوان ئەوە بڵێن یان نەیڵێن، چ ئەوە پەسند بکەن یان نا، راستییەکانی سەر ئەرزی واقیع ئەوە دەسەلمێنن، بەڵام ئاشکرایە کە دیپلۆماتکاران کەسانی موحافیزەکارن و هەڵسەنگاندنەکانیان لە قۆناخی کۆتاییدا ئاشکرادەکەن"، بەڵام وەک بارزانی باسیدەکات "هەندێکجاریش دیپلۆماتکاران توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ پێشهاتە نوێکاندا نییە".

(بارزانی) لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ میدیای بەریتانیایی هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هێشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە بەو جۆرەی ئێستای، هۆکارە بۆ دابەشبوون و وێرانی زیاتری هەموو ناوچەکە".
سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستانیش، (سه‌رۆك بارزانی) گوتی: "سەربەخۆیی کوردستان، کە بۆ چەندین دەیە چەقی هیوا و ئومێدی کورد بووە و بە تووندی لەلایەن دراوسێکانییەوە لە ناوچەکەدا دژایەتیی دەکرا، ئێستا لە هەموو کاتێک نزیکترە".

بۆیەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات "هێزە هەرێمی و جیهانییەکان کار بۆ گەیشتنە رێککەوتنێکی نوێ بکەن کە تێیدا پێکهاتەکانی عیراق و سووریا بپارێزرێن. چونکە دابەشبوون لەو کۆمەڵگەیانەدا لایەنی کۆمەڵایەتی و ئایینی و تایفەگەری گرتووەتەوە"، ئەمەش وەک (بارزانی) باسی کرد، دەرهاویشتەی رێککەوتنی سایکس-پیکۆیە و گوتی: "هیچ لۆژیکی نییە ئەزمwونێکی هەڵە دووبارە بکرێتەوە کە بۆ ماوەی 100 ساڵ دووبارە بووەوە و بە هیچ نەگەیشت".

سەبارەت بە دابەشبوونی عێراقیش (بارزانی) لە هەڤپەیڤینەکەدا دەڵێت: "ئێستا عێراق خەریکە دابەش دەبێت. ئێمە بەرپرس نین لەو دابەشبوونە. بە پێچەوانەوە، وەک کورد، هەوڵێکی زۆرماندا بۆ پاراستنی یەکێتیی عێراق و پرۆسەی دیمۆکراسی. هەروەها ساڵی 1991 ئێمە روومان کردە حکوومەتی عێراق و دانوستانمان لەگەڵ ئەو تاوانبارانەدا ئەنجامدا کە بەرپرس بوون لە بۆمبارانکردنمان بە چەکی کیمیایی و هەڵمەتی ئەنفال لەدژی کورد".

(بارزانی) ئەو داوایانەش بە ناڕاست دەزانێت کە دەڵێن پێویستە لە عێراق پرۆسەیەکی لێبووردەیی هاوشێوەی باشووری ئەفریقیا دووبارە بکرێتەوە. چونکە وەک (بارزانی) باسی دەکات: "کورد بەر لە باشووری ئەفریقیا بەو ئەزموونەدا تێپەڕین. دوای ساڵی 2003یش روومان کردەوە بەغدا و ئەو پەڕی هەوڵی خۆماندا بۆ ئەنجامدانی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە ڕێگەی دەستوورەوە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە لە عێراق کولتووری پێکەوەژیان نەماوە. کاتێک نەشتوانین پێکەوە بژین، باشتر وایە بەدوای بژارەی دیکەدا بگەڕێین".
Top