فازڵ بەشارەتی: ناچینە کۆبوونەیەک کەسێکی تێدابێت خەڵک هانبدات دژی پارتی
فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە راگەیاند:"خۆپیشاندان هیچ پەیوەندییەکی بە مووچەوە نییە، هەرچەند ئێمە وەک پارتی لەگەڵ هەموو داوا رەواکانی هاونیشتمانیان و مامۆستایانین لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و مووچەخۆرانین، بەڵام ئێمە خەڵکی کوردستان دەکەین بە شاهێد لەو جۆرە هەڵوێست و دەربڕینانەی کە دەردەبڕدرێت، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان نەمانزانیوە بانکی هەرێم یان بانکی رافیدەینی بەغدا لە بارەگاکانی پارتیدابێت، ئەگەر مەسەلە مووچەیە بۆ پەلاماری بارەگای پارتی دەدرێت".
سەبارەت بە بەشداری نەکردنیان لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە سەید سادق، بەشارەتی ئاماژە بەوە دەدات "ئێمە کۆبوونەوەکانمان رەتکردووەتەوە، چونکە ئەمە هیچ بەرهەمێکی بۆ دۆخە سیاسییەکەو بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبووە، لەڕاستیشدا ئێمە ناچینە کۆبوونەیەک خەڵکێک لە ناو کۆبوونەوە دابنیشێت و لە دەرەوەی کۆبوونەوەش خەڵک هانبدات بۆ سەر بارەگاکانی پارتی".
بەرپرسی لقی 12ی پارتی ئاماژە بەوەش دەدات "پرسی کۆبوونەوە و پرسی سیاسەتکردن پەیوەستییەکی تەواوی بە ئەخلاقی سیاسی هەموو تاکێک و هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە هەیە، ئێمە ناچینە کۆبوونەوەیەک موبالەغە و دووفاقی تێدابێت، ناچینە کۆبوونەوەیەک راستگۆیی تێدا بەدینەکرێت".
فازڵ بەشارەتی زیاتر دەڵێت: "هەرکاتێک بەرنامەیەک، پرۆژەیەک لە حکومەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێتە پێشەوە، هەرچۆنێک بێت گرفتێکی لەبەردەمدا دروست دەکرێت بۆ ئەوەی سەر نەگرێت، ئەوەی دەکرێت گرفت دروستکردنە لەبەردەم ئەو چاکسازیانەی کە سەرۆکی حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیران رایانگەیاندووە".
چوارشەممە 20-1-2016 لەبەرامبەر دواكەوتنی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارۆچكەی سەیدسادق بەشێک لە هاونیشتمانیانی شارۆچکەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بە بەرد هێرشیان كردە سەر بارەگاكانی پارتی، یەكگرتوو و كۆمەڵ و پێنج پۆلیس لە خۆپیشاندانەکە برینداربوون.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 20/1/2016 حیزبەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی، زەحمەتکێشان، سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی کۆبوونەوە و، کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی رەوشی شارۆچکەی سەید سادق
رووداو
