مەحموود سەنگاوی: ئەو شتانەی لە راپۆرتی ئەمنستیدا هاتوون ناڕاستن
مەحمود سەنگاوی، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی رووداودا وەڵامی رێکخراوی ئەمنستی دایەوە کە پێشمەرگەی بە تێکدانی گووندی عەرەبەکان و راگواستنیان تۆمەتبار کردبوو گوتی:"ئەوشتانەی گوتوویەتی راست نیین، با ئەمنستی بۆخۆی بێت دۆخەکە بەچاوی خۆی ببینێت. نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UN یش لێرە هەن".
مەحموود سەنگاوی گوتیشی:" لەناوچەی گوڵالە کە شەڕ بووە تەنیا یەک کاتیۆشای تیادا بەکارهاتووە، هەواڵدەرەکەی ئەمنستی یان عەرەبی شۆڤێنین یان کۆنە بەعسیەکانن کە ئەو راپۆرتانە دەنووسن، با هەموو عەرەبەکان بانگ بکەن و قسەیان لەگەل بکەن، با بێن لەگەل گووندنشینە عەرەبەکان و ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ گوڵاڵە قسەبکەن لەبارەی راستی و ناڕاستی ئەوەی ئەمنستی لە راپۆرتەکەیدا باسی کردووە".
سەرپەرشتیاری میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە جەختیکردەوە لەوەی کە"عەرەبە شۆڤێنیەکان و ئەوانەی خاکی کوردیان داگیر کردووە و دەستیان بەخوێنی کورد سوورە، بەهیچ شێوەیەک رێگە بەگەڕانەوەیان نادەین".
مەحمود سەنگاوی باسی لەوەشکرد:" کە دەڵێن دوکان تاڵان کراوە، بەڵێ حەشدی شەعبی هاتووە دوکانی تاڵانکردووە و رۆیشتووە. با ئەوان بێن لەسەر حەشدی شەعبی بنووسن".
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لە تازەترین راپۆرتیدا سەبارەت بە دۆخی ململانێکانی عێراق، هێزی پێشمەرگەی کوردستان تۆمەتبار دەکات، بەوەی "بەئەنقەست و هەندێکجار بەبێ هۆ دەستیکردووە بە وێرانکردن، سووتاندن و داڕووخانی ژمارەیەک گوند و ناوچە عەرەبییەکان، ئەمەشی وەک تۆڵەکردنەوەیەک ئەنجام داوە؛ بە بیانووی ئەوەی ئەوان پاڵپشتی گرووپی چەکداری داعشیان کردووە".
رووداو
