شه‌ممه‌ی دابێ، پلانی حكوومه‌ت ده‌خرێته ڕوو.. دادپه‌روه‌ری له مووچه‌دا پێڕۆ ده‌كرێ
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 20.1.2016 به سه‌رۆکایه‌تیى (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆکوه‌زیران و ئاماده‌بوونى (قوباد تاڵه‌بانى) جێگرى سه‌رۆکوه‌زیران، کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ساز کرا که تیایدا هه‌ریه‌که له پارێزگاره‌کانى هه‌ولێر، هه‌ڵه‌بجه و دهۆک به‌شدار بوون و پارێزگارى سلێمانى نه‌یتوانى به‌شدار بێت.
له سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکوه‌زیران به‌خێرهاتنى پارێزگاره‌کانى کرد و تیشکى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى که کۆبوونه‌وه‌که تایبه‌ته به دۆخى دارایى و چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌که و ئه‌و هه‌نگاو و ڕێکارانه‌ى که حکوومه‌ت بۆ چاره‌سه‌رى ده‌یانگرێته به‌ر. هه‌روه‌ها باسى له‌وه کرد که دۆخەکە نه‌ک ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵکوو کاریگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر وڵاتانى گه‌وره‌ش هه‌یه و هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى پشت به داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستن زیانیان له‌م قه‌یرانه بینیوه، به‌ڵام دابه‌زینى نرخى نه‌وت، گه‌وره‌ترین زیانى به هه‌رێمى کوردستان گه‌یاندووه.
له‌باره‌ى هۆکاره‌کانى ئه‌م قه‌یرانه‌یشه‌وه سه‌رۆکوه‌زیران ڕوونى کرده‌وه که یه‌ک به‌داوى یه‌کدا بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن حکوومه‌تى عیراقه‌وه، شه‌ڕى داعش، په‌ناهێنانى زیاتر له ملیۆنێک و هه‌شت سه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمى کوردستان و له هه‌مووانیش به‌ئازارتر دابه‌زینى نرخى نه‌وت، هه‌موو ئه‌وانه یه‌ک به‌دواى یه‌کدا کاریگه‌ریى خراپیان له‌سه‌ر دۆخى داراییى هه‌رێمى کوردستان دروست کرد و ڕێژه‌ى داهات زۆر له خه‌رجیه‌کان که‌متر بووه‌وه.
هه‌روه‌ها دووپاتى کرده‌وه که حکوومه‌ت له خراپى بارودۆخه‌که و بارقورسیى هاووڵاتیان تێده‌گات و ده‌زانین له ساڵی 1991ه‌وه تا ئێستا قه‌یرانى وا له هه‌رێمى کوردستان نه‌بووه، بۆ ئه‌مه‌ش حکوومه‌ت ده‌بێ بڕیار بدات به‌و بڕه داهاته‌ى که هه‌یه‌تى، ئیداره بکرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا جه‌ختى له‌وه کرده‌وه که ئه‌گه‌ر په‌یامى جیا له میدیا و له حزبه‌کان و له وه‌زیرانه‌وه بۆ خه‌ڵک بچێت، هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن و ئاڵۆزى و پشێوى دروست ده‌بێت.
سه‌رۆکوه‌زیران هه‌روه‌ها تیشکى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى که هه‌رێمى کوردستان ناتوانێت پاره چاپ بکات، ناتوانێت قه‌رز بکات وگوتى: ئێمه زۆر ته‌نیاین، له کاتێکدا ئێمه له جیاتى جیهان شه‌ڕ ده‌که‌ین، له ڕووى داراییه‌وه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش هیچ هاوکارییه‌کى دارایى بۆ هه‌رێمى کوردستان نه‌کراوه.
له به‌رده‌وامیى قسه‌کانیدا گوتى: له پێداویستییه‌کانى وه‌زاره‌ته‌کان و پارێزگاکان تێده‌گه‌ین، بۆ تێپه‌ڕانى دۆخه‌که‌ش پێویستیمان به هاوکاریى هه‌موو لایه‌ک هه‌یه، ده‌بێ ڕاستگۆ بین، له ڕووى کارگێڕیى و داراییه‌وه که‌موکوڕیمان هه‌بووه، ده‌بێ ته‌قه‌شوف و ده‌سپێوه‌گرتن بکه‌ین و هه‌ندێ بڕیارى قورس بده‌ین، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نییه و ده‌بێ له‌گه‌ل ئه‌مه چاکسازیى جددى بکه‌ین و هه‌موو پێکه‌وه هاوکار بین بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌که.
لاى خۆیه‌وه (قوباد تاڵه‌بانى) جێگرى سه‌رۆکوه‌زیران، پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى دۆخه‌که و ئه‌و هه‌نگاوانه پێشکه‌ش کرد که له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه و تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه نراون و ڕوونى کرده‌وه که بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و چاره‌کردنى دۆخه‌که، سه‌رۆکایه‌تیى حکوومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان به‌رده‌وام له کۆبوونه‌وه و به‌دواداچووندان. هه‌روه‌ها دووپاتى کرده‌وه که هه‌رێمى کوردستان له‌م قه‌یرانه‌دا ته‌نیایه و له‌گه‌ڵ ته‌قه‌شوفێکى فراوان، ده‌بێ هه‌نگاوى چاکسازیش بنرێت.
هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌م دۆخه وه‌ک پێویست ڕوون نه‌کراوه‌ته‌وه، ده‌بێ هاووڵاتییان و لایه‌نه سیاسییه‌کانیش باشتر و ڕوونتر له ڕاستیى دۆخه‌که و ئه‌م قه‌یرانه تێبگه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ حکوومه‌ت هه‌ڵمه‌تێکى ڕوونکردنه‌وه دەست پێ‌بکات و تیایدا وه‌زیران و به‌رپرسانى حکوومه‌ت دۆخه‌که باشتر ڕوون بکه‌نه‌وه و هه‌وڵ بده‌ن تێگه‌یشتنێکى ته‌واو بۆ دۆخه‌که له هه‌موو لایه‌که‌وه هه‌بێت.
جێگرى سه‌رۆکوه‌زیران هه‌روه‌ها باسى له‌وه کرد که ئه‌گه‌ر نرخى نه‌وت وه‌ک خۆى بمێنێته‌وه و خه‌رجییه‌کانیش وه‌ک خۆیان بمێننه‌وه، بارى هه‌رێمى کوردستان هێشتا قورستریش ده‌بێته‌وه، بۆیه پێویسته ده‌ستپێوه‌گرتن و ته‌قه‌شوف بکه‌ین و ده‌بێ ئه‌وه‌ش ڕوون بێت که ته‌قه‌شوق هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى به چاکسازییه‌وه و نییه و ته‌قه‌شوف و ده‌ستپێوه‌گرتن، چاکسازى نین.
جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه که به‌شێکى هه‌نگاوه‌کانى چاکسازى بریتى ده‌بێت له پێداچوونه‌وه و نه‌هێشتنى چه‌ندمووچه‌یى و بندیوار و دابینکردنى دادپه‌روه‌رى له مووچه‌دا، وێڕاى که‌مکردنه‌وه‌ى پشتگیریى دارایى بۆ سووته‌مه‌نى له که‌رتى کاره‌با بۆ هاتنه‌ئاراى هاوسه‌نگى له داهات و خه‌رجییه‌کان، ئه‌مه له‌گه‌ڵ نه‌هێشتن و چاره‌سه‌رکردنى نادادپه‌روه‌رى له سیته‌مى مووچه‌دا.
ده‌رباره‌ى ئه‌و نیوه مووچه‌یه‌ش که به‌سه‌ر وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌دا دابه‌ش کرا، (قوباد تاڵه‌بانى) گوتى: هه‌ندێ له ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندن باسیان له نیو مووچه کردووه، به‌ڵام ئه‌مه هیچ بنه‌مایه‌کى نییه و ئه‌وه‌ى هه‌یه ئه‌و کاته هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى نیوه‌ى مووچه‌که پاره لاى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌بووه، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن هه‌ندێ لایه‌ن و ده‌زگاى ڕاگه‌یاندنه‌وه به‌مه‌به‌ست قۆزرایه‌وه و خراپ به‌کار هێنرا، داکۆکى له‌وه‌ش کرده‌وه که ئه‌و مووچه‌یه نافه‌وتێت و نیوه‌که‌ى دیکه‌ش ده‌ده‌رێت.
دوایین شت جێگرى سه‌رۆکوه‌زیران ڕوونى کرده‌وه که بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ى گومانه‌کان له‌سه‌ر شه‌فافیه‌ت، حکوومه‌ت هه‌ڵمه‌تێکى فراوانى بڵاوکردنه‌وه‌ى زانیارى و داتا‌کان ده‌ست پێده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتیان ته‌واوى زانیاریان ده‌رباره‌ى داهاته‌کان و چۆنیه‌تیى خه‌رجکردنیان ده‌ستکه‌وێت.
لاى خۆیانه‌وه وه‌زیران و پارێزگاران به چه‌ندین باس و سه‌ره‌نج و تێبینى، ڕوونکردنه‌وه‌یان له‌باره‌ى دۆخى ئه‌مڕۆ و قه‌یرانى دارایى پێشکه‌ش کرد و جه‌ختیان له به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌شى لایه‌ن و پێکهاته‌کانى حکوومه‌ت به‌رامبه‌ر به قه‌یرانه‌که و پێگه‌یشتنى داتا و زانیارى و ڕوونکردنه‌وه‌ى پێویست بۆ هه‌موو لایه‌نه به‌پرسه‌کان و گرنگیى ڕێکار و هه‌نگاوه‌کان بۆ چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانه‌که و جێبه‌جێکردنى چاکسازییه‌کان و ته‌رشیقکردنى حکوومه‌ت و زیادکردنى داهاته‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کان، کردەوە.
له کۆتاییشدا بۆ ڕوونکردنه‌وه و تێگه‌یشتنى زیاترى دۆخه‌که له‌لایه‌ن هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کانه‌وه، بڕیار درا ڕۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو وۆرک‌شۆپێک بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان به به‌شداریى وه‌زیران و پسپۆڕانى وه‌زاره‌ت ساز بکرێت، که تیایدا به وردى دۆخه‌که شى ده‌کرێته‌وه و پلانى حکوومه‌ت بۆ چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌که، ده‌خرێته ڕوو.
