وه‌ڵامی حكوومه‌ت بۆ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌منستی ئه‌نته‌رناشناڵ

وه‌ڵامی حكوومه‌ت بۆ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌منستی ئه‌نته‌رناشناڵ
سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وه‌ڵامی ڕاپۆرتەکەی ئەمنستی ئه‌نته‌رناشناڵی دایه‌وه‌.

(دیندار زێباری) سەرۆکی لێژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە ماڵپەریی فەرمیی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێزدییەکان ھیچ میلیشیایەکی چەکدارییان لەو ناوچانە نییە، چونکە ئێزدییەکان یەک ھێزی فەرمیان ھەیە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و ئێستاش بەرگری لە خانەوادە ئێزدییەکان دەکات کە پێشتر لە چیای شنگال گەمارۆ درابوون و، بەشێکیان لە بەرەکانی جەنگن دژی داعش لە سەنتەری شاری شنگال و ناوچەکانی دیکە."
(زێباری)گوتیشی: "کە حکومەتی ھەرێم ئامادەیە لێکۆڵینەوەی ورد لەم بوارەوە بکات، چونکە کوردستان ھەمیشە جێگای پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبەکان بووە بە برایانی عەرەبیشەوە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا نزیکەی (٦٦٠)ھەزار ھاووڵاتیی عەرەب لە ھەرێم نیشتەجێن."

سەبارەت بە تۆمەتی ڕێکخراوی ئەمنستی ئەنتەرناشناڵ گوایە ڕێگا نادرێ بە گەڕانەوەی عەرەبەکانی ئەو ناوچانە، (زێباری) گوتی:‌ "ئێستا ئەم ناوچانە ناوچەی شەڕن و داعش بەردەوام ھێرش دەکاتە سەرپێشمەرگە زۆر جاریش بە کاتیۆشا و ھاون سەنگەرەکان بۆمباران دەکات بەردەوام. ھەروەھا لە کاتی ھێرشەکانی داعش فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان ناوچەکان بۆردومان دەکەن، بۆیە فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان مەترسییەکی زۆریان لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی سڤیلی ئەم ناوچانە درووست کردووە. بوونی ھاووڵاتی مەدەنی لەو ناوچانە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان نەتوانن وەکو پێویست ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیێنن."

بەپێی زانیارییەکانی ژووری عەمەلیاتی ھاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان کە پێکدێت لە نوێنەرانی وڵاتانی (ئەمریکا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، کەنەدا، ھۆڵەندا، نەرویج، فینلەندا)، یەکێک لە گرنگترین ئەو خاڵانەی باسی لێدەکەن بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانانە و بوونی خەڵکی مەدەنی لە چەند ناوچەیەک کە دەکەونە نزیک ھێڵی تەماس یەکێکە لەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەرووی فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان دەبێتەوە بە بەردەوامی."

سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە تۆمەتی تێکدانی ئەو گوندانەی کە لە ڕاپۆرتی ئەمنستی ئەنتەرناشناڵ ئاماژەیان پێ دراوە، دەڵێ: "لە کاتی ھاتنی داعش و داگیرکرانی ئەم گوندانە، بەشێک لە ھۆزەکانی ئەم گوندانە ھاوکاریی داعشیان کردووە و بەشێک لەو گوندانە بوونەتە سەرچاوەی ھاوکاری تیرۆریستانی داعش لەوانە (سیبا، شێخ‌خلف، خازوکە، ئوم‌خباری و چری و ساھر) و جگە لەوەی بردنی ماڵی دانیشتوانی ناوچەکەیان حەڵاڵ کردووە، خەڵکی ئەم ناوچانە چەندین گەنجی ئێزدییان کوشتووە بە شێوەی کۆمەڵکوژی و ڕفاندویانن و چەندین تاوانی نامرۆیییان لێیان کردووە؛ ھەروەھا زۆربەی ئەو کچ و ژنانەی کوردی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون یەکەم جار لەو گوندانە کۆیان کردوونەتەوە دواتر بەرەو موسڵ و ڕەققە و شوێنەکانی دیکە نێردراون و،لە دوای ئازادکردنەوەی چیای شنگال ھەندێک لە ھاووڵاتیانی کوردی ئێزدی کوژران بەدەستی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بەتایبەتی لە گوندی (چری) کاتێک سەرقاڵی گەران بوون بە شوێن کەسوکارەکانیان و زانینی چارەنووسیان."

(زێباری) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کاتێک پێشمەرگە ھێرشی کردە سەر ئەم گوندانە بە مەبەستی ڕزگارکردنیان، خەڵکەکەی لەگەڵ چەکدارانی داعش بەرەنگاری پێشمەرگە بوونەوە و، لە ئەنجامی چەند شەڕێکی گران خەڵکانێک کوژران و لە ڕیزەکانی پێشمەرگە شەھید ھەبوون و ھەندێک خانووش وێرانبوون ئەمە جگە لەوەی کە بەشێکی زۆری خانووەکان بۆمبڕێژ کراون و تیرۆریستان خۆیان لە خانووەکاندا حەشاردا بوو و تەقاندوویانەتەوە."

(زێباری) ئاماژەی بەوەیش کرد "دوای ئازادکردنی چیای شنگال ھەندێک لە خانەوادە عەرەبەکان سەرەڕای پەیوەندییان بە داعشەوە لەم دێھاتانە مابوونەوە، بەڵام پێشمەرگە و ئێزدییەکان بەھیچ شێوەیەک ئاستەنگی بۆ درووست نەکردن و دەری نەکردوون بۆیە ئەم خانەوادانە لە گوندەکانی خۆیان مانەوە و خەریکی کاری کشتوکاڵی خۆیان بوون تاکو بەرھەمی کێڵگە و باخەکانیان چنیەوە، ئینجا بە ویستی خۆیان ڕوویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش کرد لە مووسڵ و تەلەعفەر و بەعاج".

سەبارەت بە ھاوکاریکردنی خەڵکی ئەم ناوچانە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە (زێباری) گوتیشی: "حکومەتی ھەرێم بەبێ جیاوازی ھاوکاری خەڵکی ئەم ناوچانەی کردووە بۆ نموونە گوندەکانی (سەحلولمالح، شەعلان، حەساویک، سەحل، بیرجاری، زکو، مجولی، بیرقاسم، تەلمشرف، نەعیم کەعەشیرەتەکانی شەمەر و شەرابی و زبێدات و ڕاشد، لێی نیشتەجێن) لەلایەن پێشمەرگەوە ڕزگار کرا، ڕاستەوخۆ دوای ڕزگارکردنیان دەزگای خێرخوازی بارزانی یارمەتی مرۆییی گەیاند خەڵکی گوندەکە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ، بەڵام خەڵکی گوندی (سەحلولمالح کە دانیشتووانەکەی ھۆزی جحێشن) ھێرشیان کردە سەر پێشمەرگە و تەنیا لە یەک ڕۆژدا ١٣ پێشمەرگە لەسەر دەستی خەڵکی ئەم گوندە شەھید کران!

ھەروەھا ئەو گوندانەی کە لەلایەن پێشمەرگەوە ڕزگارکراون و ئێستا خەڵکی ئەو گوندانە لێی نیشتەجێن و ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەر دەبەن بریتین لە: (ڕەجمولحەبد، نەعیم، ڕمو، ڕمولئەخباری، خازوکا و ئەو گوندانەی کە لەلایەن پێشمەرگەوە ڕزگار کراون)، بەڵام ھەندیک لە گوندەکان دەکەونە ھێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش، ھێشتاش خەڵکی تێدایە کە ئەمانەن: (جدیدە، عەسریە، مجلجا، عەبتج شوورا، جاسم‌جمعە، سیحا، مومی، بزونەسەغیر، بزونەکەبیر، ھەلوم، عەلکانە، عەزائم، شەعلان، مونیف، دەعیدەع، عەبدە، مشیرفە، ئەبوخەشەب، تەل‌سەمیر)".

لە لایەکی دیکەوە (د. دیندار زێباری) تیشکی خستە سەر ئەو گوندانەی کە دەکەونە ناوچەی مەخموور و گوێڕ و لە ھێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعشەوە نزیکن و، گوتی: "ژمارەی گوندەکان (١١٥) گوندە کە (٧٧) گوندیان کوردن و ھیچ ماڵە عەرەبی تێدا نەبووە، ئێستا ئەم گوندانە ھەموویان چۆل کراون بە ھۆی شەڕی داعشەوە، لە دەشتی قەراج (٣٨) گوندی عەرەب نشین ھەیە کە ھەمووی لەژێر دەستی داعشدایە تەنها گوندەکانی (جەدیدە، عەلیاوە، گوبێبە، تەل‌ڕیم، جاروڵا) نەبێت کە لە دەست پێشمەرگەدانە، بەڵام کەوتوونەتە ھێڵی تەماس و لەلایەن داعشەوە بەردەوام تۆپباران دەکرێن، بۆیە خەڵکەکەی چۆلیان کردووە. داعش وەک ستراتیژیەتی سەرەکی خۆیان کاتێک گوندەکانی ئەم ناوچەیە ئازاد دەکرێن لەلایەن پێشمەرگەوە ئەم گوندانە بۆمبرێژ دەکات و تا ئێستا ژمارەیەک پێشمەرگە بەھۆی تەقاندنەوەی خانووەکان شەھید بوون".

سەبارەت بە (گوێڕ)یش (زێباری) گوتی: "دانیشتووانی گوێڕ نزیکەی (٢٠٠٠) ماڵن کە نیوەیان کوردن و نیوەکەی دیکە عەرەب، تەنیا (زێی گەورە) لە داعشیان جیا دەکاتەوە بۆیە بەردەوام لەلایەن داعشەوە بۆردومان دەکرێت و ژیان تێیدا ئەستەمە و دانیشتووانەکەی چۆڵیان کردووە. دەوروبەری گوێڕ (١٥) گوندی عەرەبنشینی لێیە، (١٣) لەو گوندانە تەنیا عەرەبی لێ دەژین لەوانە (شەرایع، ھەوێرە، مەجلووبە، ئەبوشیتە، ئوم‌ڕوتەیبە، تراش، ئەبوجەردە، مترادشەرابی) و چەند گوندێکی دیکە. جگە لەو عەرەبانەی چوونەتە ڕیزەکانی داعشەوە ئەوانی دیکە بە ئازادی لە گوندەکانی دەوروبەری گوێڕ نیشتەجێن کە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان.
دوو گوند لە گوێڕ لە لایەن پێشمەرگەوە چۆڵ کراون، چونکە دەکەونە ھێڵی تەماسەوە یەکیان گوندی (سێچارە)یە کە دانیشتووانەکەی کوردن، ئەویتریشیان گوندی (دەرمانئاوا)یە کە دانیشتووانەکەی عەرەبن. ھەروەھا خەڵکی ھەردوو گوندی (ساقبە و کوشاف) کە سەر بە (گوێڕ)ن و دانیشتووانەکەی عەرەبن لەلایەن داعشەوە دەرکراون. خەڵکی ھەردوو گوندی (ئەبوشیتە، مترادشەرابی) کە نزیک بوون لە زێی گەورە و زۆرجار لەلایەن داعشەوە کراونەتە ئامانج، بۆ پاراستنیان خەڵکی ئەم گوندانە گواستراونەتەوە و بەسەر گوندەکانی دیکەدا دابەش کراون. دوو گوندی (شامامەر و عەلی‌مەلاداود) کە دانیشتووانەکەیان کورد و عەرەبن ھیچ کێشەیان نییە و پێکەوە دەژین. ئەو خانەوادە عەرەبانەی گوێڕیان جێھێشتووە ئێستا لە گوندەکانی دەوروبەری گوێڕ نیشتەجێن".

سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناوچەکانی باکووری کەرکوک بە تایبەتی دووزخورماتوو (زێباری) تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "ئێستا بارودۆخی ناوچەکە ئارامە و ھەوڵەکان بەردەوامن لەم بارەیەوە وتی: بە داخەوە بە ھۆی ڕوودانی چەند ڕووداوێکی نەخوازراوەوە ھێرش کرایە سەر دام و دەزگاکانی حکومەت وەک نەخۆشخانە و قوتابخانەکان ھەروەھا بارەگای لایەنە کوردییەکان ژمارەیەکی ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی و بریندار بوون و نزیکەی ١٠٠ ماڵی ھاووڵاتیان و ٦٠ شوێنی بازرگانیی ھاووڵاتیان سووتێنران".

سەبارەت بە ناوچەی جەلەولا (زێباری) ئاماژەی بەوە کرد کە: "داعش بە توندترین شێوە ناوچەکەی وێران کردووە، لەم بارەیەوە وتی: بەپێی زانیارییەکانمان لە ماوەی داگیرکردنی جەلەولا لەلایەن داعشەوە کە زیاتر لە پێنج مانگی خایاند وێرانکارییەکی زۆری لەو ناوچەیە ئەنجامداوە وەک ستراتیژیەتی تێکدەرانەی لەو شوێنانەی کە داگیری دەکەن و ھەموو دام و دەزگاکانی حکومەت و ژێرخانی ئابووری گرتۆتەوەو زیانەکانی ئەو وێرانکارییە بە ٦٠ملیار دینار دەخەمڵێندرێن."

(د. دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لە ماوەیەکی نزیکدا بە تێروتەسەل وەڵامی خۆمان بۆ ڕێکخراوی ئەمنستی ئەنتەرناشناڵ (لێبووردنی نێودەوڵەتی) ڕادەستیان دەکەین بە پشتبەستن بە ژمارە و داتا.
Top