ئەنجوومەنێکی باڵا لە هەرێمی كوردستان بۆ داهات پێكدەهێندرێت
ئەنجوومەنێکی باڵا لە باشووری كوردستان بۆ داهات پێكدەهێندرێت و سەرپەرشتی كۆكردنەوەی داهات و خەرجییەكان دەكات. حكومەتیش بە دوو قۆناخ رووبەڕووی قەیرانی دارایی دەبێتەوە، بڕیارە بۆ دروستكردنی هاوسەنگیش لە بازاڕ، نرخی شتومەك و كرێی خانوو و خزمەتگوزارییەكان دابشكێندرێت.
رۆژی چوارشەممە 20-1-2015، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و چۆنیەتی دابەشكردنی مووچە كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەشدا چەند بڕیارێكی گرنگ بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە نالەبارە ئابوورییە دەركراون.
سەرچاوەیەکی بەرپرس رایگەیاند، كە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی باڵا بۆ داهات دەركراوە. سامی ئەرگۆشی، سكرتێری رۆژنامەڤانی سەرۆكی حكومەتیش زانیارییەكەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستكردەوە.
ئەنجوومەنەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەرباز كۆسرەت، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، مەولود باوە موڕاد، وەزیری گواستنەوە بەوەكالەت پێكدێت. ئەنجوومەنەكە سەرپەرشتی چۆنییەتی فرۆشتنی نەوت و پەیداكردنی داهات، لەگەڵ خەرجكردن و دابەشكردنی داهاتەكە بەشێوەیەكی هاوسەنگ دەكات.
سامی ئەرگوشی گوتی " بڕیاری ئەو بۆردە هەیە و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ماوەیەكی نزیكدا رایدەگەیێنن، وردەكاری بۆردەكە و میكانیزم و چۆنیەتی كاركردنی لە بڵاوكراوەیەكی فەرمیدا ئاشكرا دەكرێن".
لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە رۆژی شەممە 23-1-2015 وۆركشپۆپێكی فراوان بە بەشداری هەموو وەزارەتەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی سازبكرێت، بەمەبەستی خستنەڕووی روونكردنەوەی زیاتر لەبارەی پلانی حكومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی، دوای وۆركشۆپەكەش حكومەت دوایین بڕیاری خۆی لەبارەی چۆنییەتی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نالەبارە دەردەكات.
سكرتێری رۆژنامەڤانی سەرۆكی حكومەت لەبارەی وۆركشۆپەكە گوتی " لەهەر وەزارەتێك چەند پسپۆڕێكی تایبەت بەشدار دەبن، تەواوی ئەو رێكار و رێگەچارانەی حكومەت بەنیازە بیانگرێتەبەر رووندەكرێنەوە، بۆئەوەی وەزارەتەكان و دامودەزگاكانی حكومەت ئاگاداری ئەو پلانە بن و بتوانن بۆ هاووڵاتیانی روونبكەنەوە".
لەبارەی كەمكردنەوەی وەزارەتەكان و پووختكردنەوەی حكومەت كە پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە باسی لێوە دەكرا، سامی ئەرگۆشی گوتی "تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بە دوو قۆناخ دەبێت، یەكەم: ئەو رێكارانەی دەگیرێنە بەر بۆ چۆنیەتی ئەو داهاتەی حكومەت دەستی دەكەوێ. دووەم: ئەنجامدانی كۆمەڵێك چاكسازی، لەوانە كەمكردنەوەی وەزارەتەكان، پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچە و سیستەمی ئیداری، كۆمەڵێك ئیجرائاتی دیكەش دەكرێن بۆ بچوكردنەوەی حكومەت".
بۆ هاوسەنگی راگرتنیش لەنێوان داهات و خەرجی، ئەرگۆشی باسی لەوە كرد كە بڕیار لەبارەی كەمكردنەوەی نرخی شتومەك، كرێی خانوو، هاتووچۆ و خزمەتگوزارییەكان دەردەكرێت. هەروەها گوتی "بەدڵنیاییەوە هەرچی لە داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەست حكومەت دەكەوێت، بەپێی پلانێك بۆ دەربازكردنی ئەم قۆناخە بەكاردەهێندرێت و بە هاوسەنگیش دابەش دەكرێت".
بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت، لەچەند رۆژی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری، بۆ چۆنیەتی دابینكردنی مووچە زنجیرە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامداون.
لەدوای دوورخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت لە 12 ی ئۆكتۆبەری 2015 دا، ئەنجوومەنی وەزیران تەنیا یەك كۆبوونەوەی لە 23-12-2015 دا ئەنجامداوە و ئەمە بە دووەمین كۆبوونەوەی كابینەی هەشتەم بەبێ گۆڕان دادەندرێت.
رووداو
