كۆڕبه‌ندی داڤۆس به‌تاووتوێكردنی چه‌ند دۆسێیه‌كی گرنگ ده‌ستپێده‌كات
داڤۆس
وه‌ك سه‌ڵانی رابردوو شاری داڤۆس- كه ده‌كه‌وێته سه‌ر ئاوی رووباری لاندوێسه‌ر له‌كه‌رتی براتیڤۆ له‌كانتۆنی گرۆباندن له سویسرا، میوانداری له 2 هه‌زارو 500 له‌سه‌رانی وڵاتان و به‌رپرسانی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان و رێكخراوی ناحكومییه‌كان و هونه‌رمه‌ندان ده‌كات، به‌ووته‌ی كلاوس شواب-ی شاره‌زا له‌بواری ئابووری و دامه‌زرێنه‌ری كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانیش، ئامانج له‌و كۆڕبه‌نده گفتوگۆ‌و شیكردنه‌وه‌ی دۆسێكان و ئه‌نجامدانی گرێبه‌سته یاخود به‌ره‌و پێشبردنێكی دپلۆماتی له‌سه‌ر دۆسێ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و راگۆڕینه‌وه له‌باره‌ی " بارودۆخی جیهان".
توند‌و تیژی گواستراوه
شواب له‌سه‌ر كۆڕبه‌ندی داڤۆس-ی ئه‌مساڵیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، جوگرافیای سیاسی به‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانییه‌وه یه‌كێك ده‌بێت له‌بابه‌تی سه‌ره‌كی كۆڕبه‌نده‌كه هه‌ر له ده‌ستدرێژییه سێكسییه‌كانی شاری كۆڵۆنیا له‌ئه‌ڵمانیا و ئه‌و هه‌زاران كۆچبه‌ره‌ی رۆژانه ده‌چنه سنووری وڵاتانی ئه‌وروپا و هێرشه‌كانی پاریس- ئه‌سته‌نبوڵ – جاكارتا و واگادۆگۆ تا ده‌گاته شه‌ڕكردن له‌دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعش.
پێشبینیش ده‌كرێت له‌م كۆڕبه‌نده‌دا ژماره‌یه‌ك له‌سه‌رانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌شداری بكه‌ن وه‌ك ( مانوێل ڤالس-ی سه‌رۆك وه‌زیرانی فه‌ره‌نسا ، یواكیم گاوك-ی سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا، ستیڤان لۆڤن-ی سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید ، ئه‌لێكسیس تسیبراس-ی سه‌رۆكی حكومه‌تی چه‌پی یۆنان و ماوریسیۆ ماكری سه‌رۆكی ئه‌رژه‌نتین كه‌هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌دات بۆ‌نێو گۆڕه‌پانی جیهانی ).
چاوپێكه‌وتنی نهێنی
هه‌ر له‌میانی كاره‌كانی كۆڕبه‌ندی داڤۆس، سه‌رانی هه‌ندێك له‌ناوچه گه‌رمه‌كانی جیهان وه‌ك حه‌یده‌ر عه‌بای سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق - ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا و ئه‌شره‌ف غه‌نی سه‌رۆكی ئه‌فغانستان و محه‌مه‌د بوخاری سه‌رۆكی نایجیریا باس له‌و شه‌ڕانه ده‌كه‌ن كه رووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ رێكخراوه جیهادیی و گروپه یاخیبووه‌كاندا.
هاوكات پێشبینی ده‌كرێـت، وه‌ك ساڵانی پێشووتر له‌په‌راوێزی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا چه‌ندین دیداروكۆبونه‌وه‌ی چاوه‌ڕواننه‌كراوو نهێنی له‌نێوان به‌رپرسانی وڵاتانی به‌شدار ئه‌نجامبدرێـت .
چواره‌م شۆڕشی پیشه‌سازی
ئابووری، یه‌كێك ده‌بێت له‌ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆكانی كۆڕبه‌ندی داڤۆس له‌نێوان به‌رپرسانی بانكه ناوه‌ندییه‌كان وه‌ك گۆڵدمان ساكس و بانكی ئه‌مریكا و به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی وه‌ك مایكرۆسۆفت – فه‌یسبووك و رینۆ و دامه‌زراوه ئابورییه‌كانی جیهان.
ئه‌و بابه‌ته‌ش كه‌چاوه‌ڕێ ده‌كرێت باڵ بكێشێت به‌سه‌ر گفتوگۆئابورییه‌كانی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا " چواره‌م شۆڕشی پیشه‌سازییه" كه خۆی ده‌بینێته‌وه له‌تێكه‌ڵكردنی نێوان گه‌شه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه و ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له‌بواری رۆبۆت و ئینته‌رنێتی كاڵاكان و زانیارییه به‌رفراوه‌كان هاتونه‌ته دی.
به‌شێكی تر له له‌گفتوگۆ ئابورییه‌كان خۆی ده‌بینێته‌وه له تاووتوێكردنی نرخی نه‌وت و سستبوونی گه‌شه‌ی ئابووری چین و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م گه‌شه‌ی جیهان و ناجێگیری بازاڕی دراوی جیهانی كه‌بۆته بارگرانی به‌سه‌ر وڵاتانی تازه پێگه‌یشتووه.
هاوكات چه‌ند دانیشتنێكی كۆڕبه‌نده‌كه ته‌رخانده‌كرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گۆڕانكاری له‌كه‌شوهه‌ودا.
پێشبینیش ده‌كرێت چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی جیهانی وه‌ك ولیام ئادامز و لیۆناردۆ دی كاپریۆ كه‌به‌یه‌كێك له‌داكۆكی كه‌ران له‌پاراستنی ژینگه له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ئه‌ژمار ده‌كرێت له‌كۆڕبه‌ندی داڤۆس-دا به‌شداری بكه‌ن.
خه‌ندان
