ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ سەبارەت بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەکات
بڕیارە سعات 10ی ئەمڕۆ، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی ”نێچیرڤان بارزانی“، سەرۆکوەزیران و جێگر و وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە بارودۆخی دارایی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
لەمبارەیەوە ”محەمەد هاودیانی“، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، ئەوان ئاگادار کراونەتەوە لەوەی کە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ وەزیرەکان کۆ دەبێتەوە. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، قسەکردنە لە سەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی. گوتیشی: ”کۆبوونەوەکە لە سەر یەک بڕگە دەبێت، ئەویش کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتە“.
ئەو وەزیرەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی دووپاتکردەوە کە لە دانیشتنی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا، لێژنەیەک بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیکەری حکوومەت پێکهێندراوە و هێشتا لێژنەکە ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە حکوومەت نەکردووە.
ئەمە لە کاتێک دایە کە بەهۆی بڕیاری دابەشکردنی نیوەی مووچەی مانگی 9ی فەرمانبەران و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە، ناڕەزاییەکی زۆر لە نێو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان درووست بووە.
باسنیوز
