پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەر عەلی حەمە ساڵح تۆماركرد
بەتۆمەتی تەشهیركردن بە ریچارد چارنێسكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا، پەرلەمانی كوردستان سكاڵای یاسایی لەدژی پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح دایە سەرۆكی داواكاری گشتی.
لە نووسراوێکی فەرمیدا کە لە 18-1-2016 ی پەرلەمانی كوردستان بە واژۆی جەعفەر ئیبراهیم، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی، ئاراستەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و دەستەی مافی گشتی كراوە، بەپێی ماددەی 2 لەبڕگەی یەكەم لە یاسای داواكاری گشتی ژمارە 159 لەساڵی 1979، سكاڵای یاسایی لەدژی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، عەلی حەمە ساڵح تۆمار كراوە.
هۆكارەكەشی وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە ئەوەیە: "عەلی حەمە ساڵح لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەفەیسبووك تەشهیری بە (ریچارد چارنێسكی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا كردووە".
(ریچارد چارنێسكی) لەسەر داوای پەرلەمانی كوردستان لە 3-1-2016 سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كردبوو و عەلی حەمە ساڵح لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەسەر ئەو سەردانە نووسیبووی:"هەمو دامو دەزگاكانی ئەووروپا لە 24.12.2015 تا04.01.2016 لەپشووی رەسمیدان بەهیچ شێوەیەك كاری رەسمی و فەرمییان نیە سەردانی پێنجەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا كە بەڕێزێكی پۆڵۆنیە جێگای سەیرە بەرۆژی یەكشەممە و پشووی سەری ساڵ ئەم سەردانەی ئەنجام داوە، لەكاتی پشوی خۆی بووە تایبەت بووە بگرە لەپێناو چەند ملیۆن دۆلارێكدا ئەنجامی داوەو هیچی تر".
رووداو
