ھاوپەیمانان بودجە و خەرجیی پێشمەرگە دابین دەکەن
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی واشنتۆن، ئەو شاندەی کوردستان کە پێکھاتوون لە ھەریەک لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم و خاتوو بەیان سامی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە ئەمەریکا، بە شێوەیەکی فەرمی داوایان لە حکوومەتی ئەمەریکا کردووە ھاوکاریی ماددی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەرجیی شەڕی داعش بکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، شاندی ھەرێم بۆ قسەکردن لەسەر بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و رەوشی دارایی و ھاتنی ئاوارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، چاویان بە ھەریەک لە ژەنەڕاڵ (لیۆد ئۆستن) فەرماندەی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا و (تۆم مالینۆسکی) یاریدەدەری سکرتێر و (دەیڤید ساپرستین) باڵوێز بۆ کاروباری ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی و (تۆد باچواڵد) بەڕێوەبەری نووسینگەی دادی تاوانە جیھانییەکان و (جۆزێف پنتاگۆن) جێگری یاریدەدەری سکرتێر بۆ کاروباری عێراق و ئێران و چەند سیناتۆرێکی ئەمریکی کەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانیش کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بە (باس) دراون، ئەو شاندە بە شێوەیەکی فەرمی داوایان لە حکوومەتی ئەمەریکا کردووە، بە مەبەستی دەربازبوون لە قەیرانە داراییەکان ھاوکارییەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر بکات و بودجە و مووچەی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی کوردستان دابین بکات.
شاندەکە گوتوویانە ھەرێمی کوردستان توانا داراییەکەی بەھۆی ھەرزانبوونی نرخی نەوت و شەڕی داعشەوە گەیشتووەتە ئاستێکی خراپ و لەولاشەوە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە بودجە و مووچەی پێشمەرگەی نەداوە و لە ساڵی ٢٠١٤ـەشەوە تەواوی بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕیوە، لەمەودوا دەکرێ ئەمریکا ھاوکاریی دارایی پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزە ئەمنییەکان بکات، ھاوشێوەی ئەو ھاوکارییانەی پێشکەش بە ھەندێ سوپای وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی دەکا بۆ نموونە سوپاس میسر، بەتایبەتیش ئێستا کە پێشمەرگە راستەوخۆ بۆ ھەموو جیھان لە شەڕی تیرۆردایە.
شاخەوان عەبدوڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، ئێستا کە ھێزی پێشمەرگە ھیچ مووچە و ئیمتیازێک لە بەغدا وەرناگرێ، کاتیەتی و پاساوێکی یاسایی باشە، کە جیھەتێکی دیکەی فەرمی پاڵپشتی پێشمەرگە بکات لەو شەڕە قورسەدا، کە رۆژانە پێویستی بە چەک و تەقەمەنییەوە ھەیە، گوتیشی:" لە ٢٣-١١ ساڵی رابردوودا، بۆ ئەو پرسە من خۆم قسەم لەگەڵ سەفارەتی ئەمریکا کردووە و گوتیان بە جددی کاری بۆ دەکەین، چونکە تەواوی بەڵگە و دکیۆمێنتەکانیان پێ دراوە، کە حکوومەتی عێراقی بە ھیچ شێوەیەک ھاوکاریی پێشمەرگە ناکات، بەرامبەر بەوە ھاوکاریی ھەندێ دەزگای ناشەرعی دەکات".
بڕیاردەری لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە ئەمریکا لەو رووەوە تێگەیشتنێکی زۆری ھەیە و ئەگەر یەکسەریش وەڵامی ئەو شاندە بە ئەرێنی نەداتەوە، ئەوا لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامی باشی دەبێ، گوتی: "لە دوایین کۆبوونەوەم لەگەڵ باڵوێزی ئەمریکا، تەواو قەناعەتی ھەبوو کە پێشمەرگە دەبێ ١٠٠% ھاوکاریی دارایی بکرێت، ئەو رایەی باڵوێزی ئەمریکا ئەوە دەردەخات کە وەڵامی ئەو وڵاتە بۆ پێشمەرگە ئەرێنی دەبێ، کە ئێستا لە شوێنی ھێزە ئەمریکی و ھاوپەیمانەکان شەڕی داعش دەکات".
راشی گەیاند، دەبوو عێراق ساڵانە بەپێی یاسای بودجە ٢ ترلیۆن دینار بدات بە پێشمەرگە، بەڵام عێراق ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ پێشمەرگە نەناردووە، لە کاتێکدا بە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار ھاوکاریی حەشدی شەعبی دەکات، کە ھێزێکە لە دەستووری عێراقدا نەناسێنراوە.
گوتیشی: "خەرجییەکانی شەڕی داعش و پێشمەرگە زۆر زیاترە لەو دوو ترلیۆن دینارە، ئەگەر بێت و لە سەرچاوەی دیکەوە دابین بکرێ، ئەوە دەکاتە سێ مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی کوردستان، کە بۆ ھەر مانگێک ٨٦٠ ملیۆن دۆلارە".
لەبارەی قەرزەکانی عێراقیشەوە ھیڤا حاجی میرخان، بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، رای گەیاند، بەپێی بەڵگەنامەیەک و ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دارایی کوردستان دەستیان کەوتوون، حکوومەتی ناوەندی ١٠ تریلیۆن دیناری وەزارەتی پێشمەرگەی نەداوە، گوتیشی: "ئەو موستەحەقاتانەی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠٠٧ نەدراوە، چەندین جاریش داوا کراوە بەڵام ھەر نەیانداوە، چونکە سیاسەتی ئەوان بەو شێوەیە بووە کە ھێزی پێشمەرگە پڕ چەک نەکرێت".
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، حکوومەتی کوردستان پێشتر و ئێستاش ھەر خۆی مووچە و بودجەی پێشمەرگەی دابین کردووە.
لای خۆشیەوە گۆران ئازاد، پەرلەمانتاری یەکێتی و ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، ئەمریکا و ھاوپەیمانان مامەڵە سیاسییەکانیان بەتایبەتیش لە شەڕی داعش، لەگەڵ ھەرێمی کوردستان وەکو دەوڵەتە، گوتیشی: "وەزیرەکانی بەرگریی وڵاتان بەبێ ئەوەی بڕۆنە بەغدا راستەوخۆ دێنە کوردستان، ئەوەش پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لەو ھاوپەیمانیەتیە نێودەوڵەتییەی کە پێکھاتووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەڕی داعش، کەوابێت لێرەدا وەکو یەکێک لەو ھاوپەیمانیەتییە دێیت و داوای یارمەتیی ماددی دەکەی، ئەوە لەو رووەوە یاساییەکەوە مافێکی ھەرێمی کوردستانە، چونکە خوانەخواستە لاوازبوون یان شکستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کاریگەریی لەسەر ھەموو ئەو ھێزانە دەبێ کە لە ناو ھاوپەیمانیەتییەکەدان".
لای خۆشیەوە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رای گەیاند، ئەو داواکارییەی ئەو شاندە رەسمییە و وەکو وەزارەتی پێشمەرگە پێشکەشی دەسەڵاتدارانی ئەمریکایان کردووە.
گوتیشی: "چوونی ئەو شاندە بە ھاوئاھەنگی بووە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ئاگاداری گفتوگۆ و دانیشتنەکانیانین لە ئەمریکا".
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە داوایان لە ئەمریکا کردووە، جگە لە ھاوکاریی سەربازی، لەڕووی مادیشەوە ھاوکاریی ھێزەکانی پێشمەرگە بکات و لەم بارودۆخەی ئێستادا مووچەیان بۆ دابین بکات.
لای خۆشیەوە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کوردستان ٢٤ رای گەیاند، شیکردنەوەی بارودۆخەکە بۆ بەرپرسانی ئەمریکا کاریگەریی ھەبووە و ئەرێنی بووە، گوتیشی: "لەو بڕوایەدام دوای لێکۆڵینەوە، ئەمریکییەکان وەڵامی ئەرێنیی ھەرێمی کوردستان دەدەنەوە".
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کردووە، داوای پشتیوانی سەربازیی و ئابووریی و مرۆییان لە ئەمریکا کردووە.
بە قسەی فەلاح مستەفا، خەرجیی شەڕی داعش لەسەر کوردستان، لە ساڵێکدا دوو ملیار دۆلارە و خەرجیی ئاوارە و بەدەنگەوچوون و کاروبارەکانیشان لە ساڵێکدا مایارێک چوارسەد ملیۆن دۆلارە.
گوتیشی:" زۆر بە پوختی داوامان کردووە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە پشتیوانی ئەوانە، نەک ھەر تەنیا لە دابینکردنی چەک و تەقە
باسنیوز
