عێراق لە رێگەی حزبی بەعسەوە 437 ملیۆن دۆلار دەداتە یەبەشە
دوای ھاتنی چەکدارەکانی داعش و داگیرکردنی شاری شنگال، پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) ھێزێکی بچوکی لە رێگەی رۆژئاوای کوردستانەوە رەوانەی قەزای شنگال کرد، دواتریش لەڕێگە و بە پشتیوانیی حکوومەتی عێراق، دەستی کرد بە دروستکردنی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) کە حکوومەتی عێراق وەک ھێزی حەشدی شەعبی مامەڵەی دەکات و پشتیوانیی دەکات، ئێستا ئەو ھێزە خۆی لەناو دامودەزگاکانی حکوومەت لە شاری شنگال ناوە و دوای چەندین داواکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای موسڵ، ئامادە نییە ئەو بارەگایانە کە قوتابخانە و دامودەزگای حکوومەتن، رادەست بکاتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگەدار بۆ (باس) رای گەیاند، لەم ماوەیەدا ئەو ھێزە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بڕی ٤٣٧ ملیۆن دۆلاری بۆ رەوانە کراوە.
سەرچاوەکە راشی گەیاند، ئەو پارەیە لە رێگەی دیمەشقەوە دراوەتە پارتی یەکێتیی دیموکراتی PYD کە باڵێکی دیکەی (PKK) یە لە رۆژئاوای کوردستان و ئەوانیش گەیاندوویانەتە ئەو ھێزەی حەشدی شەعبی سەر بە PKK لەناو قەزای شنگال.
سەرچاوەکە راشی گەیاند، ئەو ھێزە ئێستا لەلایەن کەسێکی ئێزیدی سەر بە پەکەکە بەناوی (حەسەن سەعید حەسەن) سەرپەرشتی دەکرێن و ژمارەیان نزیکەی ١٠٠٠ کەسێک دەبێ، کە مووچەیان لە بەغداوە بۆ دێت و بەڵێنیشیان پێ دراوە چەک و پێداویستیی سەربازییشیان لەلایەن بەغداوە بۆ رەوانە بکرێ.
قاسم شەشۆ فەرماندەی ھێزی (ئێزیدخان)ی پێشمەرگە لە شنگال، رای گەیاند، ھیچ پەیوەندی و ھاوئاھەنگییەک لەنێوان ئەو ھێزەی حەشدی شەعبی و ھێزی پێشمەرگەی کوردستاندا نییە.
گوتیشی: ”چەند جار داوا کراوە کە سەنتەری قەزاکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و کێشەی نەبێت، بەڵام ئەو ھێزە ئامادە نەبووە“.
لای خۆیەوە مەحما خەلیل قائیمقامی قەزای شنگال رای گەیاند، ئەو ھێزەی حەشدی شەعبی بە ئاشکرا مووچە و پێداویستیەکانیان لە بەغداوە بۆ دێت، گوتی: ”ئەو ھێزە لەلایەن خەڵکانێکی دەرەوەی عێراق و کوردستانەوە دروست کراوە و تەدەخول و تەجاوزی کردووەتە سەر خاکی شنگال“.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، لەدوای پڕۆسەی ئازادکردنی شنگالەوە، ئەوانە خۆیان لەناو بینای دامودەزگاکانی حکوومەت ناوە و رێگری لە ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە دەکەن، گوتیشی: ”ئەو ھێزە داھاتووی شنگالی خستووەتە مەترسی و فەرمان لە ئەمنی وەتەنیی عێراقی وەردەگرێ و بووەتە بەڵا بۆیان“.
لای خۆیەوە خەسرۆ گۆران سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان ئاگەداری ئەوەن کە ئەو ھێزەی حەشدی شەعبی پەکەکە کە لە شنگالە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە معاشیان بۆ دابین دەکرێت و بڕیاریشە چەکیشیان پێ بدرێ، گۆران گوتیشی: ”ئەوە روونە کە غایەت و ئامانجی عێراق و ئەو ھێزە لە شنگال چییە، لە کاتێکدا لە ساڵی (٢٠٠٧)ـەوە مووچە و بودجەی نەداوەتە پێشمەرگە؟“.
(باس نیوز)
