1080 قوتابی دیكه‌ی ئێزدی له هه‌رێم وه‌رگیران
(شێخ شامۆ) سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش و نوێنه‌ری كوردانی ئێزدی له فراكسیۆنی زه‌ردی په‌رله‌مانی كوردستان، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی (سه‌رۆك بارزانی) و به فه‌رمانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم كه پێشتر ده‌ركرابوو بۆ گواستنه‌وه و وه‌رگرتنی قوتابیانی ئێزدی و به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستای كوردانی ئێزدی و، دوای هه‌وڵدانی به‌رده‌واممان وه‌كو بنكه‌ی لالش كه هه‌ڵگری ئه‌و مه‌له‌فه‌یه، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه دوای ته‌واوبوونی ڕێكاره یاساییه‌كان، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ڕه‌زامه‌ندیی ده‌ربڕی له‌سه‌ر وه‌رگرتنی 1080 قوتابی له كوردانی ئێزدی تا درێژه به خوێندن بده‌ن له زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێم به پێی ڕێژه‌ی نمره‌كەیان."
سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش گوتیشی:" مه‌له‌فی گواستنه‌وه و وه‌رگرتنی قوتابیانی كوردانی ئێزدی له زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2007ـه‌وه له ده‌ستی بنكه‌ی لالشدایه و، لەوەتی هاتنی تیرۆریستانی داعش، شاری مووسڵ‌یان داگیر کردووە، تا ئێستا به پشتیوانیی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی قوتابیانی ئێزدی گه‌یشتووەته 8هه‌زار قوتابی.
