سهرۆکایهتیى حکوومهت دۆخى دارایى لهگهڵ پارێزگاران تاوتوو كرد
له چوارچێوهى پلانى ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی داراییی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و گرتنەبەری ڕێکاری جیا بۆ چۆنییەتی چارەکردنی ئەو قەیرانە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18.1.2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، لەگەڵ هەریەکه لە پارێزگارانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا که وهزیرى ناوخۆ و ژمارهیهک له بهرپرسان و ڕاوێژکاران ئامادهى بوون، پوختەیەک دەربارەی قەیرانی دارایی و هۆکار و ئاکامەکانی لەسەر ڕەوشی دارایی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان و گرنگیی تێگەیشتن لە دۆخەکە خرایە ڕوو و لەمبارەیەشەوە یەکێتی و یەکڕێزیی لایەنەکان بۆ سەرکەوتنی هەوڵەکانی چارەکردنی قەیرانی دارایی و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنەکان جەختی لەسەر کرایەوە.
کۆبوونەوە بە وردی چەند خاڵێکی خستە بەر باس و گفتوگۆ، لەوانە داهاتی ناوخۆی پارێزگاکان و چۆنییەتی ڕێکخستنەوە و دابەشکردنەوەی دادپەروەرانە بە شێوەیەک پارێزگاکان له ههندێ له داهاتهکانیان سوودمهند بن. هەروەها پرسى شۆڕکردنهوهى دهسهڵاتهکان بۆ پارێزگاکان و سهرۆکى یهکه کارگێڕییهکان بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕاییکردنی باشتری کاروباری ڕۆژانەی، بۆ ئهمهش سەرۆکی یەکە ئیدارەییەکان بە شێوەیەکی گشتی لە پارێزگا و قەزا و ناحییەکان بتوانن بەشێک لە داهاتی ناوخۆ بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان خەرج بکەن.
له کۆبوونهوهکهدا لیژنەی باڵای دارایی لە ئەنجومەنی وەزیران پوختەیەکی لە دوا پێشنیار و داتا و زانیارییهکان سەبارەت بە دۆخی دارایی بە تایبەتیش بابەتی دابینکردنی مووچە بۆ پارێزگاکان خستە ڕوو. هەروەک بڕیاڕیش درا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بەشدار بن.
کۆبوونهوه تیشکى خسته سهر ئهوهى که بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی بازاڕ بە شێوەیەک ئەرکی قورسی سەر شانی مووچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان کەم بکاتەوە، نرخی کاڵا و شتومەک و پێداویستیی ڕۆژانەی وەک خواردەمەنی و کاڵای دیکە و کرێى خانوو و نرخى کلینیکهکان بە ڕەچاوکردنی بڕ و ئاستى مووچه و داهات ڕێکبخرێتەوە، بۆ ئهم مهبهستهش بڕیار درا هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی چاودێری بازرگانی و ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی و سەندیکا و کۆمەڵە پیشەییەکان ساز بکرێت.
هەرچەند پارێزگاری هەڵەبجەش بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بانگێشت کرابوو، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی بە چەند کاروبارێکەوە داوای لێبوردنی کرد و ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو.
