55 ههزار ئاواره، ملیۆن دینارهكهیان وهرنهگرتووه
(ساڵم جومعە) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و بڕیاردەری لیژنەی ئاوارەکان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕی یەک تڕلیۆن دیناری بۆ ئاوارەکان دابین کرد، بۆ ئەوەی وەک مینحەی یەک ملیۆن دینار بۆ ئاوارەکان تەرخان بکرێت، بەڵام بە داخەوە پارەی ئاوارەکان لە لایەن حکوومەتی ناوەندەوە خراپ بە کار دەهێنرێت، تا ئێستا زیاتر لە 20 هەزار ئاوارە لە دهۆک و 5 هەزار ئاوارە لە هەولێر و 30 هەزار خێزان لە سنووری کەرکووک ئەو بڕە پارەیان وەرنەگرتووە، لەو چەند رۆژەدا ئەو باسە دەخەینە بەردەم وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەو یەک ملیۆن دینارە بدرێتە ئاوارەکان.
گوتیشی: "ئاوارەکان لە ڕەوشێکی خراپدا دەژین و حکوومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی پێشکەش بە ئاوارەکان نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەو وەرزی زستان دەچین و ئاوارەکان پێویستیان بە پێداویستییەکانی ئەو وەرزە هەیە، ئێمە داوامان کردووە حکوومەتی عێراق هەرچی زووە هاوکاری ئاوارەکان بکات و لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هاوکار بێت و یارمەتی ئاوارەکان بدات."
(جومعە) دەیشڵێت: "لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی ساڵح موتڵەگ بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان پێک هێنرا، بەڵام ئەو لیژنەیە گەندەڵی زۆری لەو بڕە پارەیەدا کرد و بڕێکی زۆر لەو پارەیە دیار نامێنێت، کە ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا زیاتر لە 55هەزار خێزانی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیۆن دیناریان وەرنەگرتووە".
