فراكسیۆنی پارتی بۆ گۆڕان، دۆخی كوردستان به‌ فه‌وزا و دروشم چاره‌ ناكرێ

فراكسیۆنی پارتی بۆ گۆڕان، دۆخی كوردستان به‌ فه‌وزا و دروشم چاره‌ ناكرێ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی بەیاننامەکەی فراکسیۆنی گۆڕان دەداتەوە و رایدەگەیێنێت "بەیاننامەیەکی نابەرپرسانە، پڕ لە درۆ و دەلەسەیان بڵاوکردووەتەوە، کە لەو رێگەیەوە خۆیان لە هەموو بەرپرسیارێتییەک دەشارنەوە و بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو فەشەلە سیاسی و ئیدارییانەی کە تووشی بزووتنەوەکەیان بووە".

فراکسیۆنی پارتی لە راگەیێندراوەکەیاندا، بە حەوت خاڵ وەڵامی فراکسیۆنی گۆڕانی لە پەرلەمانی کوردستان داوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی فراکسیۆنی گۆڕان رۆژی دووشەممە 18-1-2016 لەبارەی نیو مووچە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ""ده‌سه‌ڵات و حکوومه‌ته‌ تاکلایه‌نه‌که‌ی‌ پارتی‌ به‌ ئه‌نقه‌ست ملنادات بۆ چاره‌ی‌ کێشه‌کانی‌ خه‌ڵک و جێبه‌جێکردنی‌ داواکانی‌ مامۆستایان، فه‌رمانبه‌ران، که‌سوکاری‌ شه‌هیدان و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌".

لە وەڵامی بەیاننامەکەی گۆڕان، فراکسیۆنی پارتی دەڵێت "ئێمە شانسێکی حوکمڕانیمان بە بزووتنەوەی گۆڕان دا، بەڵام دەرکەوت لە ئاست بەرپرسیارێتییدا نین، چونکە گۆڕان هەوڵی دەدا، بە سیاسەتی فەوزا و گێرەشێوێنییەوە بەشداری لە حوکمڕانیدا بکەن".

دەقی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان:

هاونیشتیمانییانی خۆشەویست، وەک هەمووتان دەزانن، هەرێمی کوردستان سەرەڕای شەڕی داسەپاوی تیرۆرستانی داعش، بە قەیرانێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت و ئەو قەیرانەیش بووەتە هۆی درووستکردنی بارگرانی، لەسەر شانی هەموو لایەک و قورسترکردنی ئەرکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش.

بەڵام بە داخەوە وەک چاوەڕوان دەکرا، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، وەک پیشەی هەمیشەییان بەیاننامەیەکی نابەرپرسانە و پڕ لە درۆ و دەلەسەیان بڵاوکردووەتەوە، کە لەو رێگەیەوە خۆیان لە هەموو بەرپرسیارێتییەک دەشارنەوە و بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو فەشەلە سیاسی و ئیدارییانەی کە تووشی بزووتنەوەکەیان بووە، پەنجەی تۆمەت بۆ سەر پارتی دیموکراتی کوردستان درێژ دەکەن، بۆیە ئێمە سەرنجتان بۆ سەر ئەم چەند خاڵە رادەکێشین.

یەکەم: ئەم دۆخەی کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، دۆخێکە بە فەوزا و بەرزکردنەوەی شیعارات، ناتوانرێت هیچ چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەی گۆڕان پەنای بۆ دەبات، سیاسەتی خۆ بە بەرپرس نەزانینە لە ئاست کێشەکانی خەڵک، چونکە وەک لە بەیاننامەکەیاندا دەردەکەوێت، دەیانەوێت خۆیان لەدەرەوەی هەموو بەرپرسیارێتییەکەوە ببینین، ئەمەیش هەڵهاتنە لە هەموو بەرپرسیارێتییەکی سیاسی و ئەخلاقی.

دووەم: هەموو لایەک دەزانن ئەو دۆخەی کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، دۆخێکی نەخوازراوە، چونکە نەک بە تەنها هەرێمی کوردستان، بەڵکو تەواوی ناوچەکە و ئەو وڵاتانەی کە بەرهەمهێنەری نەوتن بە عێراقیشەوە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، تووشی قەیرانی دارایی بوونەتەوە و کێشە بۆ پلان و بەرنامەکانییان درووستبووە.

سێیەم: شەڕی داعش کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاوە، هۆکارێکی تری ئەم دۆخەیە، چونکە ئەو شەڕە داسەپاوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە و یەخەی بە ناوچەکە و جیهانیش گرتووە.

چوارەم: ئێمە شانسێکی حوکمڕانیمان بە بزووتنەوەی گۆڕان دا، بەڵام دەرکەوت لە ئاست بەرپرسیارێتییدا نین، چونکە گۆڕان هەوڵی دەدا، بە سیاسەتی فەوزا و گێرەشێوێنییەوە بەشداری لە حوکمڕانیدا بکەن، ئەمەیش قبوڵنەکراو بوو، بۆیە ئەو سیاسەتە تووشی شکستی گەورەی کردوون و لە بەرانبەر جەماوەرەکەیاندا، تووشی قسەکورتی هێناون.

پێنجەم: گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای فەوزا و ئاژاوە درووست بوون، ئێستایش هەوڵدەدەن بە کۆمەڵێک داتای هەڵە و ژمارەی نادرووستەوە، قسە فڕێ بدەن، ئەو نا دەقیقییەیان گەیشتۆتە ئاستێک، کە بەیاننامەی فراکسیۆنەکەیشیان بە مێژووی ساڵی (2015) بڵاو بکەنەوە.

شەشەم: پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە خەمخۆری راستەقینەی خەڵکی کوردستان دەزانێـت، لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە هاوبەشن لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا، بەو پەڕی بەرپرسیارێتییەوە، هەموو هەوڵێک دەدات، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە، بەڵام لە بەرانبەردا گۆڕان وەک پیشەی هەمیشەییان هەوڵ دەدات، کە ئەم دۆخە بۆ تێرکردنی حەزی هوتافکێشانی خۆیان بقۆزنەوە.

حەوتەم: سوپاسی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە ئەمنییەکان و تەواوی فەرمانبەرانی کوردستان دەکەین، کە بەو پەڕی خۆڕاگرییەوە وەڵامی پیلانی ناحەزانی دۆزە رەوامەکەمان دەدەنەوە، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، کە ئاسۆی رزگاربوون لەم دۆخە نەخوازراوە روونە و وەک هەموو پیلانە شومەکانی تری ناحەزان، بەوپەڕی سەربەزییەوە بەسەرییدا سەردەکەوین.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

18/1/2016
Top