ڕاگەیاندراوێك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

ڕاگەیاندراوێك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی بەیاننامەکەی فراکسیۆنی گۆڕان دەداتەوە و رایدەگەیێنێت "بەیاننامەیەكی نابەرپرسانە، پڕ لە درۆ و دەلەسەیان بڵاوكردووەتەوە، كە لەو رێگەیەوە خۆیان لە هەموو بەرپرسیارێتییەك دەشارنەوە و بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو فەشەلە سیاسی و ئیدارییانەی كە تووشی بزووتنەوەكەیان بووە".

فراکسیۆنی پارتی لە راگەیێندراوەکەیاندا، بە حەوت خاڵ وەڵامی فراكسیۆنی گۆڕانی لە پەرلەمانی كوردستان داوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی فراكسیۆنی گۆڕان رۆژی دووشەممە 18-1-2016 لەبارەی نیو مووچە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته‌ تاكلایه‌نه‌كه‌ی‌ پارتی‌ به‌ ئه‌نقه‌ست ملنادات بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ خه‌ڵك و جێبه‌جێكردنی‌ داواكانی‌ مامۆستایان، فه‌رمانبه‌ران، كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌".
لە وەڵامی بەیاننامەكەی گۆڕان، فراكسیۆنی پارتی دەڵێت "ئێمە شانسێكی حوكمڕانیمان بە بزووتنەوەی گۆڕان دا، بەڵام دەركەوت لە ئاست بەرپرسیارێتییدا نین، چونكە گۆڕان هەوڵی دەدا، بە سیاسەتی فەوزا و گێرەشێوێنییەوە بەشداری لە حوكمڕانیدا بكەن".
فراکسیۆنی پارتی راشیگەیاندووە " پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی بە خەمخۆری راستەقینەی خەڵكی كوردستان دەزانێـت، لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە هاوبەشن لە حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا، بەو پەڕی بەرپرسیارێتییەوە، هەموو هەوڵێك دەدات، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە".
دەقی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان:

هاونیشتیمانییانی خۆشەویست، وەك هەمووتان دەزانن، هەرێمی كوردستان سەرەڕای شەڕی داسەپاوی تیرۆرستانی داعش، بە قەیرانێكی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت و ئەو قەیرانەیش بووەتە هۆی درووستكردنی بارگرانی، لەسەر شانی هەموو لایەك و قورستركردنی ئەركەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش.
بەڵام بە داخەوە وەك چاوەڕوان دەكرا، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، وەك پیشەی هەمیشەییان بەیاننامەیەكی نابەرپرسانە و پڕ لە درۆ و دەلەسەیان بڵاوكردووەتەوە، كە لەو رێگەیەوە خۆیان لە هەموو بەرپرسیارێتییەك دەشارنەوە و بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو فەشەلە سیاسی و ئیدارییانەی كە تووشی بزووتنەوەكەیان بووە، پەنجەی تۆمەت بۆ سەر پارتی دیموكراتی كوردستان درێژ دەكەن، بۆیە ئێمە سەرنجتان بۆ سەر ئەم چەند خاڵە رادەكێشین.

یەكەم: ئەم دۆخەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، دۆخێكە بە فەوزا و بەرزكردنەوەی شیعارات، ناتوانرێت هیچ چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەی گۆڕان پەنای بۆ دەبات، سیاسەتی خۆ بە بەرپرس نەزانینە لە ئاست كێشەكانی خەڵك، چونكە وەك لە بەیاننامەكەیاندا دەردەكەوێت، دەیانەوێت خۆیان لەدەرەوەی هەموو بەرپرسیارێتییەكەوە ببینین، ئەمەیش هەڵهاتنە لە هەموو بەرپرسیارێتییەكی سیاسی و ئەخلاقی.

دووەم: هەموو لایەك دەزانن ئەو دۆخەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، دۆخێكی نەخوازراوە، چونكە نەك بە تەنها هەرێمی كوردستان، بەڵكو تەواوی ناوچەكە و ئەو وڵاتانەی كە بەرهەمهێنەری نەوتن بە عێراقیشەوە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، تووشی قەیرانی دارایی بوونەتەوە و كێشە بۆ پلان و بەرنامەكانییان درووستبووە.
سێیەم: شەڕی داعش كە بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپاوە، هۆكارێكی تری ئەم دۆخەیە، چونكە ئەو شەڕە داسەپاوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانە و یەخەی بە ناوچەكە و جیهانیش گرتووە.

چوارەم: ئێمە شانسێكی حوكمڕانیمان بە بزووتنەوەی گۆڕان دا، بەڵام دەركەوت لە ئاست بەرپرسیارێتییدا نین، چونكە گۆڕان هەوڵی دەدا، بە سیاسەتی فەوزا و گێرەشێوێنییەوە بەشداری لە حوكمڕانیدا بكەن، ئەمەیش قبوڵنەكراو بوو، بۆیە ئەو سیاسەتە تووشی شكستی گەورەی كردوون و لە بەرانبەر جەماوەرەكەیاندا، تووشی قسەكورتی هێناون.

پێنجەم: گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای فەوزا و ئاژاوە درووست بوون، ئێستایش هەوڵدەدەن بە كۆمەڵێك داتای هەڵە و ژمارەی نادرووستەوە، قسە فڕێ بدەن، ئەو نا دەقیقییەیان گەیشتۆتە ئاستێك، كە بەیاننامەی فراكسیۆنەكەیشیان بە مێژووی ساڵی (2015) بڵاو بكەنەوە.

شەشەم: پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی بە خەمخۆری راستەقینەی خەڵكی كوردستان دەزانێـت، لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە هاوبەشن لە حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا، بەو پەڕی بەرپرسیارێتییەوە، هەموو هەوڵێك دەدات، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە، بەڵام لە بەرانبەردا گۆڕان وەك پیشەی هەمیشەییان هەوڵ دەدات، كە ئەم دۆخە بۆ تێركردنی حەزی هوتافكێشانی خۆیان بقۆزنەوە.

حەوتەم: سوپاسی خەڵكی خۆڕاگری كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنییەكان و تەواوی فەرمانبەرانی كوردستان دەكەین، كە بەو پەڕی خۆڕاگرییەوە وەڵامی پیلانی ناحەزانی دۆزە رەوامەكەمان دەدەنەوە، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە، كە ئاسۆی رزگاربوون لەم دۆخە نەخوازراوە روونە و وەك هەموو پیلانە شومەكانی تری ناحەزان، بەوپەڕی سەربەزییەوە بەسەرییدا سەردەكەوین.



فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
18/1/2016
Top