پارێزگای دهۆك پێشوازی لە سەرجەم ئاوارەكانی عێراق كردووە، بەڵام حكومەتی بەغدا هێندەی دەوڵەتانی كۆمەكبەخش هاوكاری نەكردووین

پارێزگای دهۆك پێشوازی لە سەرجەم ئاوارەكانی عێراق كردووە، بەڵام حكومەتی بەغدا هێندەی دەوڵەتانی كۆمەكبەخش هاوكاری نەكردووین
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان فەهیم عەبدوڵڵا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك گوتی : دوای كەوتنی موسڵ و ئەو كارەساتەی بەسەر شنگال هات، زیاتر لە یەك ملیۆنێك و 100 هەزار كەس لە موسڵ و زوممار و دەشتی نەینەوا ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و روویان كردە پارێزگای دهۆك، كە هاتنی ئەم شەپۆلی ئاوارەیەش سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم و رێكخراوە مرۆییەكان درێغییان نەكردووە لە هاوكاریكردنی ئەم پارێزگایە، بارگرانییەكی گەورەی لەسەر ئیدارەی پارێزگای دهۆك و خەڵكی ئەم پارێزگایە درووست كرد، لە رووی تەندروستی و كارەبا و رێگەوبان و دابینكردنی سووتەمەنی و دەستەبەركردنی جێگە و رێگە بۆیان. چونكە تەنیا لە بواری كارەبادا كە حاڵی حازر كوردستان خۆی بە دەست قەیرانی كارەباەوە دەناڵێنێت، ئەوا زیاتر لە 113 مێگاوات كارەبا بۆ كەمپی ئاوارەكان دابین كراوە. ئەمە سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكان و هەڵكشانی كرێی خانوو لەم شارەدا.



فەهیم عەبدوڵڵا هەروەها گوتی: لە راستیدا پێش كەوتنی موسڵیش، ئەو ناوچانە، بە شنگال و زوممار و تەلەعفەر كە زۆربەی دانیشتووانەكەی توركمانن، هەروەها تلكێف و بەعشیقە و بەرتلەش لە رووی دابینكردنی پێداویستی و كەل و پەلی تەندروستییەوە بارگرانی بوون لە سەر پارێزگای دهۆك. هەروەها ئەگەر باسی بارگرانی لەسەر سووتەمەنی بكەین، ئەوا تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەگەڵ ئاوارەكاندا هاتوون و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دهۆك تۆمار كراون، زیاتر لە 30 هەزار ئۆتۆمبێلن، كە هەموویان لەسەر پشكی پارێزگای دهۆك بەنزین و گازوایل وەردەگرن. لە بارەی پرسی ئەوەی چۆن رووبەڕووی ئەم دۆخە دەبینەوە، ئەوا خۆ ناكرێت ئێمە دەستەوەستان بین و قەیرانێكە و دەبێت رووبەڕووی ببینەوە، ئەگەرچی دەستەبەركردنی ئەو خزمەتگوزارییانەش لەسەر حیسابی خەڵكی ئیمە بێت. ئێمە سوپاسی خەڵكی پارێزگای دهۆك و هەموو خێرخوازەكان دەكەین كە هاوكاری ئیدارەی پارێزگاكەمان دەكەن. لە راستیدا هەموو ئەو شاندانەش كە دێن و سەردانمان دەكەن، خۆشحاڵ دەبن بە شێوازی دەستەبەركردنی خزمەتگوزاری و شوێنی نیشتەجێبوون و دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ ئاوارەكان. ئومێدی ئێمە ئەوەیە جارێكی دیكە خەڵكەكە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی ئازادكراون و بتوانرێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانیان بۆ دابین بكرێت. وەك شنگال و سنوونێ و زوممار و سەرجەم ناوچەكانی رۆژئاوای دیجلە. مەترسیی راستەقینە ئەوەیە كە لە شەڕی رزگاكردنی موسڵدا رەنگە دوو هێندەی ئاوارەكانی ئێستای نیشتەجێبووی دهۆك، ئاوارەی دیكە روو بكەنە شارەكەمان، یان هەر هیچ نەبێت لەو ژمارەیەی ئێستا ئاوارەكان زیاتر ئاوارەی دیكە بەرەو دهۆك بێن، لەبەر ئەوە هەمیشە ئەم مەترسییە بە بیر وەزیر و پەرلەمانتار و لایەنە خێرخوازییەكان دەهێنینەوە بۆ ئەوەی بە لای كەمەوە ئامادەكارییە سەرەتاییەكان دەستەبەر بكەن.


شایانی باسە عەبدوڵڵا هەروەها گوتی: بە دڵنیاییەوە كاریگەرییەكە یەكجار زۆرە، وەك دەزانن ئەوە نزیكەی مانگێكە ئەو دەروازەیە داخراوە، ئاشكرایەش ئەمەش كاریگەری لەسەر جموجووڵی بازاڕ هەیە، نەك تەنیا حكومەتی مەحەلی پارێزگای دهۆك، بەڵكو كاریگەری گەورەی لە سەر داهاتی حكومەتی هەرێمیش هەبووە. پێمخۆشە ئاماژە بەوەش بكەن كە پشكی شێری شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش بەر پارێزگای دهۆك دەكەوێت، چونكە بەرەیەكی یەكجار گەورەی هەیە لەگەڵ ئەم شەڕەدا، كە پێویست دەكات كارەبا بۆ بەرەكانی شەڕ دابین بكەین، هەروەها لە بواری رێگەوبانیش، كە بەڕێوبەرایەتی رێگەوبانی دهۆكیش هاوكار بوون بۆ پێشمەرگە و بۆ سەنگەرلێدان، كە جار هەبووە كەسانی تەكنیكی و شۆفێرەكانیشمان شەرەفی شەهیدبوونیان پێبڕاوە. كەواتە ئێمە لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك بارگرانییەكی گەورە كەوتۆتەسەر شانمان. دواتر ئەوەی پێوەندی بە رۆژئاواوە هەبێت، كە بۆ پەیداكردنی پێداویستیە بنەڕەتیەكان پشت بە باشووری كوردستان دەبەستن و هاوسنووربوونیشیان لەگەڵ دهۆكدا ئەوەندەی دیكە بارگرانی لەسەر ئەم پارێزگایە درووست كردووە.

لە كۆتایی قسەكانیدا فەهیم گوتی: ئێمە ئەوە لەبەرچاو ناگرین كە كێی لێیە و كێی لێ نییە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە ئەوانە خەڵكی ئێمەن و میللەتی ئێمەن و پێویستە ئەوەندەی لە تواناماندا بێت خزمەتیان بكەین. بۆ نموونە ئێمە توانیومانە كارەبا بۆ زۆرێك لەو ناچانە دابین بكەین، ئەگەرچی بڕەكەشی كەم بێت، لەگەڵ چاككردنی ئەو رێگەیانەی تێكیان داوە، بە هەمان شێوەی دابینكردنی ئاو، واتە توانیومانە هەندێ خزمەتگوزاری سەرەتایی بگەیەنین، ئەگەرچی لە ئاستی پێویست و لە ئاست تمووحی ئێمەشدا نین. هەرچەندە ئێمە هەر بە خەمخۆرییەوە كار دەكەین بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆیان بۆ ئەوەی ئەم خەڵكانە دڵگەرم بن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1058)
Top