وەزارەتی پەروەردە لەبارەی دەستكاریكردنی مووچەی مامۆستایان روونكردنەوە دەدات

وەزارەتی پەروەردە لەبارەی دەستكاریكردنی مووچەی مامۆستایان روونكردنەوە دەدات
وەزارەتی پەروەردە دەنگۆی دەستكاریكردنی مووچەی مامۆستایان رەتدەكاتەوە، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێ "چاكسازی لە خانەنشیینە نایاساییەكانەوە دەكرێت نەك مووچەی مامۆستایان".

بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان لەم هەفتەیەو دەستكاریكردنی دەرماڵەكان نیگەرانی لەنێو توێژی مامۆستایان دروستكردووە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە دەنگۆكە رەتدەكاتەوە.

فاتح مەولەوی زادە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە راگەیاند: لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەدا نییە دەستكاری مووچە بكات، بەڵكو ئەمە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە، ئەو دەنگۆیانەش رەتدەكەینەوە كە نیگەرانی لەنێو مامۆستایان بڵاودەكەنەوە، چونكە وەزارەتەكەمان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەنديدارەكان هەموو هەوڵێكی بۆ دابینكردنی مووچەی مامۆستایان خستووەتەگەڕ".

مەولەوی زادە هەروەها گوتی "لێكتێنەگەیشتن لەلایەن هەندێك لە مامۆستایان سەبارەت بە كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری پەروەردەو یەكێتی مامۆستایان دروستبووە، لەو كۆبوونەوەیەدا زۆر بۆچوون و پێشنیاز تاوتوێكراون تاوەكو بتواندرێت لەكاتی خۆیدا مووچەی مامۆستایان دابین بكرێت".

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان كوردستان جگە لە رەخنەگرتن لە كۆبوونەوەی جێگری سەرۆكی حكومەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:" چاكسازی بە دەستكاریكردنی مووچەی مامۆستایان ناكرێت، ئەگەر حكومەت نیەتی چاكسازی هەیە با لەسەرەوە مووچەی خانەنشینە نایاساییەكان ببڕێت".

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان كە پشكی یەكگرتووی ئیسلامییە، جگە لە رەخنەگرتن لە كۆبوونەوەی جێگری سەرۆكی حكومەت گوتیشی "ئەو كۆبوونەوەیە كتوپڕ و بەبێ‌ خۆئامادەكردن بوو، دەیانویست شەرعیەت بە كۆمەڵێك بڕیار ببەن و دەست بۆ مووچەو قوتی مامۆستایان ببڕدرێت، بۆیە ئێمە وەكو لیستی هاوبەشی مامۆستایان كە 9 ئەندامان لە كۆیی 27 ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی مامۆستایان هەیە، بایكۆتی كۆبوونەوەكەمان كرد". لیستی هاوبەش لە بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی پێكدێت.

رۆژی 15-1-2016 قوباد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەو عەبدولواحید محەممەد، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەگەڵ مامۆستایان و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچەی مامۆستایان كۆبووەوە.

قوباد تاڵەبانی دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا وێڕای سوپاسكردنی مامۆستایان رایگەیاند "كۆبوونەوەكە بۆ ئەوەبوو مامۆستایان بەردەوامبن لە خزمەتكردن و، هەمووان دەبێت هەوڵبدەین بارودۆخەكە تێبپەڕێنین".

جێگری سەرۆكی حكومەت بە ئاماژەدان بەوەی قەیرانەکە لە پێدانی مووچە و دەرماڵەی مامۆستایان گەورەترە، رایگەیاند" ملیۆنێک و 400 هەزار مووچەخۆرمان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچە و دەرماڵە بکەین". جەختیشكردەوە كە نابێت تەنیا مووچەخۆران لەو بارودۆخەدا زیانیان پێبگات و، گوتیشی " مووچەخۆران جێگەی شانازی ئێمەن بەو خۆڕاگرییەی نواندوویانە".









رووداو
Top