زانایانی ئایینی داوایانه‌ لایه‌نه‌كان به‌بێ جیاوازی پشتگیری ریفراندۆم بكه‌ن

 زانایانی ئایینی داوایانه‌ لایه‌نه‌كان به‌بێ جیاوازی پشتگیری ریفراندۆم بكه‌ن
سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی له‌ هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێ كه‌ داوایانه‌ لە لایەنە سیاسییەکان، بەبێ جیاوازی پشتگیری لە هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ سازادنی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان دا.

(مەلا عەبدوڵڵا سەعید) سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لەو هەنگاوانەی لەلایەن (سەرۆک بارزانی) هەنگاو دەنرێن، بۆ ئەوەی گەلی کورد سەربەخۆی خۆی بە دەست بهێنێت، ئەمە هەنگاوێکە و جێگەی دڵخۆشی هەموو لایەکمانە، بۆیە وەک یەکێتی زانایانی ئاینی بە جیددی پشتگیی لە هەنگاوەکانی (سەرۆک بارزانی) دەکەین، بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم بێتە کایەوە و سەربەخۆی کوردستان رابگەینرێت، کە ئەوەیش یەکێکە لە داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد، کە بەدرێژای مێژوو خەباتی بۆ کردووە بۆ ئەوەی وەک هەموو گەلانی جیهان بە مافەکانی خۆی بگات، بۆیە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەو هەنگاوە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئێمەیش وەک یەکێتی زانایانی ئاینی پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، بۆ هەر ئەرکێک کە بە ئێمە بسپێردرێت ئامادەین.

ده‌یشڵێ، وەک یەکێتی زانایانی ئاینی، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین، کە بەبێ جیاوازی پشتگیری لە هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە ئەوە دەرفەتێکە بۆ گەلی کورد هاتووەتە پێشەوە، ئەگەر گەلی کورد لەو دەرفەتەدا ئەو هەڵە نەقۆزێتەوە و سەربەخۆی خۆ ڕانەگەینێت، ئەوا زۆر زەحمەتە جارێکی دیکە ئەو هەڵەی بۆ بڕەخسێتەوە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان کێشە ناوخۆییەکان وەلاوە بنێن و دەست لەناو دەستی یەکدی بنێن بۆ ئەوەی گەلی کورد بەو ئاواتەی خۆی بگات کە بە درێژایی مێژووی هەوڵی بۆ دەدات.
Top