مانگی سووری ئیماڕاتی، ڕێز لە دەزگای بارزانی دەنێت
ئەمڕۆ 13/1/2016، لە رێوڕەسمێكدا كە مانگی سووری ئیماڕاتی عەرەبی لە هوتێل رۆتانا لە شاری هەولێر رێكی خستبوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و كۆمەڵە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، (د. محەممەد عەتیق ئەلفەلاحی)، پوختەیەكی لەسەر كار و چالاكییەكانی مانگی سووری ئیماڕاتی باس كرد كە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەنجامیان داوە و، هاوكات كارە خێرخوازییەكانی دیكەیشی خستە ڕوو كە لە داهاتوودا پێكەوە ئەنجامی دەدەن.
ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیماڕاتی عەرەبی، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی كرد و لە رێوڕەسمەكەدا خەڵاتی رێزلێنانی پێشكەشی (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگا كرد.
لەو بارەیەوە، (مووسا ئەحمەد) رایگەیاند: "مانگی سووری ئیماڕاتی پڕۆژەی خێرخوازیی فراوانی لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای هەولێر و دهۆكدا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاكەماندا ئەنجام داوە، كە جێگای سوپاس و ڕێزە".
ئاماژەیشی دا: "زیاتر لە ساڵێكە پڕۆتۆكۆڵێك لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری ئیماڕاتیدا هەیە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا بكەین، لەو چوارچێوەیەیشدا رۆژانە هاوكاری و خۆراك پێشكەشی ئاوارە و پەنابەران لە كەمپ و دەرەوەی كەمپەكان دەكەین و شوێنی نیشتەجێبوون و بیری ئاو و كارگەی دروومان و نەخۆشخانەمان دروست كردووە".
جێگری سەرۆكی دەزگای بارزانی هەروەها رایگەیاند: "لە بەرنامەی كارماندایە لە داهاتوودا پێكەوە خزمەتی زیاتر لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە پێشكەشی ئاوارە و پەنابەران بكەین بە ئامانجی باشتركردنی رەوشی ژیانیان".
