میرانی: پێویستە بە رێگای دیالۆگ و لێكتێگەییشتن، كێشەكانی هەرێم چارە بكرێن

میرانی: پێویستە بە رێگای دیالۆگ و لێكتێگەییشتن، كێشەكانی هەرێم چارە بكرێن
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "لەبەر هەستیاریی قۆناغەكە، بە پێویستی دەزانین بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا بكرێت و، زیاتر نێوماڵی كورد رێك بخرێت، پێویستیشە بە رێگای دیالۆگ و لێكتێگەییشتن، كێشەكان چارە بكرێن.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازیی لە سەركۆنسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر (مورتەزا عەبادی) كرد.

لە دانێشتنێكدا كە (عەبدوڵڵا ساڵح) بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی بوو، وێڕای بەخێرهێنانی سەركۆنسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران، (فازڵ میرانی) تیشكی خستە سەر رەوشی ئەمڕۆی كوردستان بە تایبەتی و عێراق و ناوچەكە بە گشتی و، باس لەو قەیرانه‌ كرا كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە لە رووی ئابووری و بڕینی مووچەی خەڵك لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە و، هەروەها بە گرینگییەوە باسی لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد.

دواتر (فازڵ میرانی) ئاماژەی بە رۆڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران دا لە هاوكاریكردنی گەلی كورد لە هەموو قۆناغەكاندا، بە تایبەتی لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.

هەروەها (میرانی) هەڵوێستی سەركردایەتیی (پ.د.ك)ـی خستە روو و گوتی: "لەبەر هەستیاریی قۆناغەكە، بە پێویستی دەزانین بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا بكرێت و، زیاتر نێوماڵی كورد رێك بخرێت و بە رێگای دیالۆگ و لێكتێگەییشتن، كێشەكان چارە بكرێن، تا ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بچەسپێت بۆ دابینكردنی خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان".

لە لای خۆیەوە، سەركۆنسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپاسی مەكتەبی سیاسیی (پ.د.ك)ـی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و گفتۆگوكردن لەسەر پەیوەندییەكانی هەردوو لا و، هاوكاریكردن بۆ كاروباری بازرگانی، هەروەها پیرۆزباییشی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا كرد.

Top