مەسروور بارزانی: كێشەی عێراق تەنیا شەڕی داعش نییە، گرفتی مێژوویی قووڵتری هەیە
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 13/1/2016 لە دیدارێكیدا لەگەڵ (جەنەڕاڵ تۆم بێكت) نوێنەری تایبەتی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاساییش و شاندی یاوەری، ئەو قسانەی كرد.
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، تیشكی خستە سەر بارودۆخی بەرەكانی روبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی دا، گرینگیی تێكشكاندنی سەربازیانەی داعش لەوەدایە كە، دەبێتە سەرەتایەك بۆ لەناوبردنی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە جیهانییە و گوتی: "بۆ بەدیهاتنی ئەمە، پێویستە ئەو هێزانەی لەسەر زەوی شەڕی داعش دەكەن، هەموو جۆرە هاوكارییەكی پێویست لە ڕووی پێداویستیی سەربازی و تێچووی شەڕەوە بكرێن".
(مەسروور بارزانی)، وێڕای ئاماژەدان بە خۆڕاگری و قارەمانیەتیی پێشمەرگە و بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە، باسی لە كێشەی ئابووری و قەیرانی داراییش كرد و رایگەیاند: "ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانی داراییش بووینەتەوە، كە نیگەرانییەكی گەورەی دروست كردووە".
لە بەرانبەردا، نوێنەری تایبەتی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاساییش، باسی لە رۆڵی كاریگەری كورد لە تێكشكاندنی داعش لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا كرد و رایگەیاند، ئەگەر هێزی كورد و پشتیوانیی فڕۆكەكانی هێزی هاوپەیمانان نەبووایە، بارودۆخەكە زۆر لەوە خراپتر دەبوو، كە وەكو كورد بە گشتی و هێزی پێشمەرگە بە تایبەتی، لە تێكشكاندن و دەركردنی داعش بەردەوامن.
هەر لە دیدارەكەدا دووپات كرایەوە كە، پێویستە كورد وەك ئەندامێكی كارای سەر زەوی و هاوپەیمانی جیهانیی دژ بە داعش، لە سەرجەم كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەو شەڕە جیهانییە بە فەرمی بانگهێشت و بەشداریی پێ بكرێ، چونكە ئەنجامی ئەم كۆنفڕانسانە بە بەشداریی كورد كاریگەرتر دەبن.
