پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر زیادکردنی هاوکاری بۆ پێشمەرگە دەدات

 پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر زیادکردنی هاوکاری بۆ پێشمەرگە دەدات

بڕیارە لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممە 14-1-2016، پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر داوایەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە بدات سەبارەت بە زیادکردنی هاوکاریی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەڵمانیا، رۆژی 6 -1- 2016 ، داواکارییەکیان لەسەر رەوانەکردنی 50 راهێنەری سەربازیی وڵاتەکەی، بەمەبەستی راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و رەوانەکردنی 650 سەرباز بۆ وڵاتی مالی پێشکەشی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرد.

ئەگەر پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیارەکە پەسند بکات، ژمارەی راوێژکارانی سەربازی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لە 100 راوێژکارەوە بۆ 150 راوێژکار زیاد دەکات.

پێشتر ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، حکومەتی ئەڵمانیا بە نیازە هاوکارییەکان و ژمارەی راوێژکارانی بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بکات و ماوەی مانەوەی راوێژکارانیش درێژبکاتەوە.

فرانك ڤالتێر شتاینمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە 7-12-2015 سەردانی هەرێمی كوردستانی کردو لە رۆژی 8ی 12 لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

شتاینمایەر پشتگیری وڵاتەكەی بۆ كوردستان دووپاتكردەوە و ستاییشی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد، كە دەبێتە هۆكارێك بۆ گەڕانەوەی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو بۆ ناوچە ئازادكراوەكان.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە 8-12-2015، سەردانی ناوەندی مەشق و راهێنانی سوپای ئەڵمانیای لە هەولێر کرد.

ساڵی رابردوو پەرلەمانی ئەڵمانیا رێگەی بە حكومەتی ئەو وڵاتەدا 100 راوێژکاری سەربازی رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات بۆ مەشق و راهێنانی پێشمەرگە.














رووداو

Top