میرانی: له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا ڕێككه‌وتنێكی فراوانتر ده‌كه‌ین.. هه‌ردوو لا به لابردنی یووسف محه‌ممه‌د ڕازین
هاوكات ئاشكرایشی كرد كه، پرسی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی (یووسف محه‌ممه‌د)یش له سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه و، تێڕوانینیشیان بۆ كۆی پرسه‌كان لێك نزیكه.
به گوته‌ی(میرانی) ڕێككه‌وتنی نوێی نێوانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا وا ده‌بێ كه، پێشهاته نوێكان و ڕوانگایان بۆ ئاینده‌یش له‌به‌رچاو ده‌گرێ. ڕوونیشی كرده‌وه، چونكه كه پێشتر لێك دوور كه‌وتینه‌وه، به هۆی ڕێككه‌وتنی ونێ له نێوان هێزه‌كانی دیكه‌یشدا، به‌ڵام دواجار وا خه‌ریكه ڕێك ده‌كه‌وینه‌وه؛ چونكه راستییه‌كه‌ی وایه كه، به‌دیلی یه‌كێتی بۆ ئێمه هه‌ر یه‌كێتییه. هه‌ڵبه‌ت ئێمه به شێوه‌یه‌كی واقیعی بیر ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش له‌گه‌ڵ گۆڕان كه داوای كرد ڕێككه‌وتنێك بكه‌ین، ئێمه ڕه‌تمانكرده‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، شاندی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له هه‌ولێر كۆ بوونه‌وه.
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌و لێدوانه‌یدا كه پاش كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی بوو، بۆ ڕووداو گوتیشی، هاوبه‌شییه‌كان له نێو دیدی یه‌كێتی و پارتیدا له ناكۆكییه‌كان زیاترن، خۆ كه خاڵی ناكۆكیشمان هه‌بوون نابێ واز له خاڵه هاوبه‌شه زۆره‌كانمان بهێنین، دیاره له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتییش هه‌ر وامان كردووه.
(میرانی) جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی كه، واقیعبینانه‌یه كه ئێمه و یه‌كێتی چارهسهرییهكانمان به ده‌سته، هه‌روه‌ك چۆن له كه‌موكوڕییه‌كاندا هه‌ر ئێمه به به‌رپرس ده‌زانن، بۆیه ڕوانگای هه‌ردوو لامان وایه، تا دۆخه‌كه هێور ده‌بێته‌وه و تا راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت یان كۆنفیدراڵی له‌گه‌ڵ عێراقدا یه‌كلا ده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پێویستمان به هاوپه‌یمانه‌تییه. هه‌ڵبه‌ت سه‌ركردایه‌تیی هه‌ردوو لایش گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و باوه‌ره‌ی ڕێككه‌وتنێكی فروانتر بكه‌ینه‌وه تا كورد ده‌گا به چاره‌نووسی خۆی.
ئاماژه به‌وه‌ی كه ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌ره‌و گۆڕانكارییه، (فازل میرانی) ددوپاتی كرده‌وه كه، ده‌بێ پاش دووركه‌وتنه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، ده‌بێ لێك نزیك ببینه‌وه. ئاخر دۆخه‌كه وا ده‌خوازێ و ئه‌مه‌یشمان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌دنیی گه‌له‌كه‌ماندایه.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌یش كه گوایه پارتی ڕازی بووه به‌وه‌ی (یووسف محه‌ممه‌د) وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه، گوتی، ئێمه له ڕووی مه‌نتیقه‌وه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی شه‌فه‌وی باسمان له‌وه كرد چۆن سه‌رۆكی په‌رله‌مان له سه‌رۆكایه‌تی لا بدرێ، ئێمه داوامان كردووه كه (كاك یووسف) بێت و له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌ش به په‌رله‌مان بدات، ئێمه كه نه‌مانگوتووه هه‌ر نابێ بێته‌وه په‌رله‌مان، به‌ڵام وه‌ك سه‌رۆك نا.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌یش كه داخۆ یه‌كێتی به‌م داوایه‌ی پارتی رازییه یان نا، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی گوتی، هه‌ردوو لامان رازی و كۆكین و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانمان قبووڵه.
ئه‌و گوتیشی، باوه‌ڕمان وایه له كۆبوونه‌وه‌ی دابێ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ده‌كه‌ینه‌وه و پێم وایه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا ڕێك ده‌كه‌وین.
