" وریایی پێشمه‌رگه‌ جموجۆڵی شه‌وانه‌ی داعشی په‌ك خست"

شه‌وی ڕابرد پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌ری رۆژئاوای كه‌ركووكدا لەسەر هەست بوون؛ ئاخر زانیبوویانەوە‌ داعش نیازی هێرشیان هەیە.

كەمال كەركووكى به‌رپرسی میحوەرى ڕۆژئاواى كەركووكى هێزى پێشمەرگە رایگه‌یاند: "دوێشەو پێشمەرگە لە تەواوى سەنگەرەكانى دەوروبەرى كەركووكدا خرابووە ئینزارەوە، چونكە داعش هێزی زۆری بۆ ناوچه‌كه‌ هێنابوو."

بە وتەى كەمال كەركووكى فەرماندەى میحوەرى ڕۆژئاواى كەركووك بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، داعش پلانى هەیە بۆ ئەوەى لە سنوورى كەركووكەوە هێرش بکاتە سەر پێشمەرگە.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان له‌وكاته‌ی داعش ویستوویه‌تی شه‌وانه‌ هێرش بێنێ، له‌به‌ر وریایی پێشمه‌رگه،‌ داعش جموجۆڵی شه‌وانه‌ی په‌كخراوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ خۆیان له‌ سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ نزیك بكه‌نه‌وه‌.

دیارە دوێنێ‌ دژەتیرۆر كوژرانى ئەبوحوزەیفە، سەركردەى دیارى داعشى لە حەویجە ڕاگەیاند. كەمال كەركووكى ده‌ڵێ "ئەبوحوزەیفە خەڵكى دەوروبەرى حەویجەیە و بەرپرسى تیمی تەقینەوەى داعش بوو و، كەسێكى مەترسیدار بووە".
كۆكردنەوەى هێز لەلایەن داعشەوە لە حەویجە، لە كاتێكدا هێزە ئەمنیەكانى عێراق لە پارێزگاى ئەنبار لە پێشڕەویدان و بەرپرسانى عێراق و هەرێمیش باس لە ئامادەكارى بۆ هێرشكردنە سەر شارى مووسڵ دەكەن.
Top