مەسروور بارزانی: پێشمەرگە لە بری هەموو جیهان لە بەرەی پێشەوەی جەنگی دژی تیرۆرن و دەبێت باشتر خزمەت بکرێن
ئەمڕۆ سێشهممه (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشوازیی لە (مارکۆ کارنێلۆس)باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، ئاماژەی دا، کە گوشاری دارایی رۆژ بە رۆژ لە سەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و ئەم چەندەش ئەرکی هەرێم لە شەڕی دژە تیرۆردا قورستر و سەختتر دەکات.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای ئەو هەموو قەیرانانەی بەرۆکی هەرێمی گرتووە، بە تایبەت لە دوای پەنادان بە نزیکەی دوو ملیۆن پەنابەر و ئاوارە و بڕینی بودجەی هەرێم لە لایەن بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت، ئەرکی دارایی هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی هەزاروپەنجا کیلۆمەتر بەرەی جەنگ رۆژ بەرۆژ سەختتر دەبێت.
مەسروور بارزانی باسی لەوە کرد کە، پێشمەرگە لە بری هەموو جیهان لە بەرەی پێشەوەی جەنگی دژی تیرۆرن و دەبێت باشتر خزمەت بکرێن، ئەمە ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، کە وێڕای هاوکاریی سەربازییی پێشمەرگە لە ڕووی چەک و تەقەمەنیی پێویست، دەبێ لە ڕووی داراییشەوە هاوکاریی هەرێم بکەن، تا مووچەی شایستەی پێشمەرگە لە کاتی خۆیدا دابین بکرێت و ئەرکی دارایی هەرێم لە خەرجیی جەنگ سوکتر بکرێت.
باڵیۆزی ئیتاڵیاش لە پەیوەندی بە بابەتی جەنگی تیرۆر، وێڕای سوپاسیی هەرێم و هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی کاریگەری سەر زەوی لە جەنگی دژە تیرۆر، بەڵێنیدا، کە بابەتی پاڵپشتیی دارایی هەرێم لە ئاستی هاوپەیمانانی جەنگی دژە تیرۆر بخەنە بەر باس و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان ئەندامێکی کاریگەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە بەرەی دژ بە تیرۆر. بۆیە ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە یارمەتیی پێویست بە هەرێم بگەیەنێن.
هەر لەم کۆبوونەیەدا باڵیۆزی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەدا، کە بە نیازن رێژەی راوێژکارە سەربازییەکان بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە لە هەرێمدا زیاد بکەن.
