ئەگەر حكومەت پاكسازی و چاكسازی بكات ئابووریی ئەمساڵمان زۆر لە 2014 و 2015 باشتر دەبێت

ئەگەر حكومەت پاكسازی و چاكسازی بكات ئابووریی ئەمساڵمان زۆر لە 2014 و 2015 باشتر دەبێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكان، یان هەندێ كەس لێرە و لەوێ وا وێنای دەكەن كە هۆكاری سەرەكیی قەیرانی ئابووریی كوردستان بریتییە لە سیاسەتی نەوت، كە ئەوان بە سیاسەتێكی شكستخواردوو لە قەڵەمی دەدەن، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەم سیاسەتە نەبۆتە هۆی ئەوەی پێداویستی بودجەی هەرێمی كوردستانی دابین بكات، بەڵام ئەمە بە هەڵەداچوونێكی گەورەیە، چونكە كەرتی نەوت تەنیا لە كوردستان دووچاری كێشە نەبۆتەوە، بەڵكو ئەم كێشەیە وڵاتانی دیكەی بەرهەمهێنەری نەوتی گرتۆتەوە، وەك رووسیا، سعودیە، لیبیا و عێراق، كە بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی بودجە پشتیان بە داهاتی نەوت دەبەست، دابەزینی نرخی نەوتیش لە 115 دۆلارەوە بۆ 30 دۆلار لە دەرەوەی ئیرادەی هەموو ئەو وڵاتە بووە بە كوردستانیشەوە. هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەڵێنی ئەوەی دابوو لە كۆتایی ساڵی 2014 بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنێتە 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەو رێژەیەش لە كۆتایی ساڵی 2015 و سەرەتای ساڵی 2016 بگەیەنێتە یەك ملیۆن بەرمیل، بەڵام ئەمەش پێویستی بە سەقامگیری و ئاسایش هەیە، چونكە سەقامگیری و ئاسایش و بووژانەوەی ئابووری پێكەوە پەیوەستن.


دڵشاد شەعبان هەروەها گوتی: دەقاودەق قسەی وەزیری سامانە سرووشتییەكان بوو كە لە دیمانەیەكدا كردی لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا كە رایگەیاند بەو بەرهەمەی ئێستا هەمانە دەتوانین مانگە مووچە دابین بكەین، بەڵام بە مەرجێك نرخی بەرمیلێك نەوت لە 65 دۆلار كەمتر نەبێت. كە لە سەروەختی ئەو لێدوانەدا نرخی بەرمیلێك نەوت 66 دۆلار بوو، هەروەها ئەو كاتەی گرێبەست كرا لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی نەوتی دەدەینێ، مووچەی مانگی چوار هەندێ دواكەوتبوو، چونكە بەغدا بەشێكی كەمی بەشە بودجەی كوردستانی دەنارد، بەڵام توانرا لە مانگی هەشتدا بە خێرایی مووچەی مانگی 5 دەستەبەربكرێت و ئەو كەموكورتییەی لە مووچەی مانگی 4دا هەبوو، ئەویش پڕبكرێتەوە. چونكە لەو كاتەدا لە رۆژێكدا 560 هەزار بەرمیل هەناردەدەكرا، كە لە مانگێكدا دەیكردە 16 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل و رادەستی ئەو كۆمپانیایە كرا، لە بەرامبەردا ئەو كۆمپانیایە 816 ملیۆن دۆلاری رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، چونكە نرخی بەرمیلێك نەوت 66 دۆلار بوو، ئەمە لە كاتێكدا ئێمە بۆ دابینكردنی مووچەی یەك مانگی فەرمانبەران پێویستمان بە 715 ملیۆن دۆلارە. بەڵام دواتر لە مانگەكانی دیكە نرخی نەوت دابەزی، تاوەكو ئێستا كە گەیشۆتە 36 دۆلار، كەواتە هۆكاری سەرەكی قەیرانی ئابووری لە كوردستاندا دابەزینی نرخی نەوتە لە بازاڕەكانی جیهاندا، ئێستاش بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بتوانێت لە رێی سیاسەتی نەوتەوە سەرجەم پێداویستییەكانی بودجە- بە وەگەڕخستن و وەبەرهێنانەوە- دابین بكات، پێویستە نرخی بەرمیلی نەوت لە نێوان 65 بۆ 70 دۆلاردا جێگیر بێت، ئەو كاتە هیچ كێشەیەكی دابینكردنی مووچە و بودجەی وەبەرهێنانیشمان نابێت.


شایانی باسە شەعبان هەروەها گوتی: بە راشكاوی دەیڵێم كە لە كوردستاندا دوو كێشە هەبووە، یەكەمیان ئەوەیە كە سیستمی حوكمڕانی لە ساڵی 1992ەوە تاوەكو ئێستا سیستمێكی زۆر سەقەت بووە، چونكە بایەخێكی ئەوتۆی بە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشت و گوزار نەداوە، ئەمەش چەند هۆكارێكی هەبووە، لەبەر ئەوەی كوردستان تەنیا هەرێمێك بووە و دەوڵەت نەبووە و نەیتوانیوە قەرزی دەرەكی وەرگرێت و نەیتوانی هاوكار سندوقی نێودەوڵەتیی دراو و بانكی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئابڵوقەی ئابووری بەسەر عێراقدا سەپێندرابوو، كوردستانیش بەشێك بووە لەم وڵاتە، هەروەها كێشە ناوخۆییەكانیش هۆكار بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەكرا هەنگاوی باشتر لە بواری ئابووریدا هەڵگیرێت، كە بەداخەوە ئەوە نەكراوە و تەنیا پشتی بەو داهاتە بەستووە كە لە بەغداوە بۆی رەوانەكراوە و كەرتەكانی دیكەی فەرامۆش كردووە، ئەو داهاتەی بەغداش هەمیشە كراوەتە كارتی گوشار لەسەر كوردستان. لە لایەكی دیكەوە ئەو ململانێیەی لە نێوان یەكێتی و پارتی لە سەردەمی دوو ئیدارەیی هەبوو بارگرانییەكی زۆری لەسەر بودجە دروست كردووە بە هۆی دامەزراندنی ئەو هەموو فەرمانبەرانەوە كە ئەمەش بۆتە كێشەیەكی گەورە و هەموومان بە دەستیەوە دەناڵێنین. ئێوە باسی لیژنەی پەرلەمانیتان كرد، پەرلەمانیش بە چەشنی پەرلەمانی هەموو وڵاتێكی دیكە رەنگدانەوەی پارت و كوتلە سیاسییەكانە، ئەم لیژنەیەش نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی نێو پەرلەمانی تێدایە و زۆر بەداخەوە خولی ئەمجارەی پەرلەمان ئەوەندەی سەرقاڵی ململانێ سیاسی و حزبییەكان و خۆنمایشكردن و خۆدەرخستن بووە لە راگەیاندندا.

لە كۆتایی قسەكانیدا دڵشاد شەعبان هەروەها گوتی: لە راستیدا مەزەندەكردنی نرخی نەوت لە توانای هیچ لایەكدا نییە بەو دامەزراوانەشەوە كە كاریان ئەوەیە پێشبینی نرخی نەوت بكەن. چونكە ئەگەر هەموو شتێك لە ئابووریدا خواست و خستنەڕوو بێت، ئەوا ئێستا بڕی خستنەڕووی نەوت لە جیهاندا نزیكەی 98 ملیۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا، بەڵام پێداویستی بەكاربردنی نەوت لە جیهاندا و لە رۆژێكدا نزیكەیی 96 ملیۆن بەرمیلە، واتە تەنیا دوو ملیۆن بەرمیل زیادەی خستنەڕوو هەیە. من پرسیاری ئەوە لە هەموو ئابووریناسان دەكەم: ئایا دوو ملیۆن بەرمیلە نەوتە دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی نەوت لە 115 دۆلارەوە بۆ 35 دۆلار دابەزێت؟ رەنگە وەڵامی هەموو ئابووریناسێك نەخێر بێت، واتە دەكرێت نرخەكە بە رێژەی لە سەدا 5 بۆ 10 دابەزێت، نەك لە سەدا 70. لەبەر ئەوە ئەمە هۆكاری سیاسی لە پشتە، ئەویش پەیوەستە لە ململانێی نێوان هەردوو جەمسەرە جیهانییەكەوە كە رووسیا و ئەمەریكان، هەمیشەش هەر وابووە كە گەورەكان دەكەونە شەڕەوە، بچووكەكان لە ناو دەچن. كەواتە پێشبینی بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی نەوت زۆر زەحمەتە و هەڵەیەكی گەورەیە ژمارە بە كاربهێنێت لە بودجەدا، چونكە لە داهاتوودا كێشەی گەورەمان بۆ دروست دەكات. ئەوەی بەغداش كردوویەتی پەیوەستە بە خۆیانەوە، چونكە لەو باوەڕەدا نیم جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكانی خۆمان.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1057)

Top