بێگومان كوردستان مۆدێلێكە بۆ جیهانی عەرەبی
سین فۆڵى هەروەها گوتی: كەلێنی نێوان هێز و نفوزی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ دەستڕۆیشتوویی رووسیا لەم ناوچەیەدا وەك كەلێنێكی گەورە دەمێنێتەوە. ویلایەتە یەكگرتووەكان هێشتا تەنیا هێزی كاریگەرە لەناوچەكەدا. هێزی چین-یش گەورەترە لە رووسیا لە ناوچەكەدا. سەبارەت بە پێوەندییەكانی نێوان رووسیا و ئەمریكاش، ئەم دوو لایەنە لە راستیدا زۆر نزیكن لە سیاسەتیاندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوەی كە زۆر كەس باوەڕیان وایە. بەشێوەیەكی بەرچاو، هەردوو لا بەباشی بە یەكەوە كاردەكەن لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و هەروەها لەسەر دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەكانی ئاشتی لە سووریادا.
شايانى باسه فۆڵى هەروەها گوتی: پێموانییە جەنگ لەم ناكۆكییەوە سەرهەڵبدات، لە راستیدا ناكۆكییەكە تەنیا توندبوونەوەی پرۆسەی خراپبوونی پێوەندییەكانە لە نێوان هەردوولادا كە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت. ئەمە یەكەم جار نییە كە ئەم دوو دەوڵەتە پێوەندییە دیپلۆماسییەكانیان هەڵدەپەسێرن. بەگشتی ناكۆكییەكە هێور دەبێتەوە لەبەر ئەوەی ئێران پێویستی بەوە دەبێت بگات بە بازاڕەكانی كەنداو، ئەگەر ئابوورییەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی خۆی پاش ئەوەی ئابڵوقە ئابوورییەكان هەڵدەگیرێن. لەلای خۆیەوە ریاز-یش هەر لەمێژە ئەوەی دیاریكردووە كە بەردەوام دەبێت بە رێگەدان بە حاجییەكانی ئێران بچنە ناو شانشینەكەی و لەگەڵ گفتوگۆكانی ئاشتی نێودەوڵەتی كار دەكات لە سەر سووریا، كە پرۆسەیەكە بە روونی ئێرانیشی تێدایە و هەردوو لاش بەرژەوەندی زۆر تێكهەڵڕژاویان هەیە، بەتایبەتی لە سوریا و یەمەن و لوبنان و بازاڕی نەوتی جیهانی كە باس ناكرێن. باڵوێزی سعودیە لە نەتەوە یەكگرتووەكان -ئەلموعەلیمی- بەم دواییانە وتی كە سعودییەكان «دوژمنی لەدایكبووی سروشتی ئێران نین.»
لە درێژەی قسەكانیدا سین فۆڵى هەروەها گوتی: بەهاری عەرەبی و جەنگی ناوخۆیی لە سووریا و دەستێوەردانی رووسیا لە سووریا گۆڕەپانێكی ستراتیژی نوێ و ترسناك و ئاڵۆزی بە ئیسرائیل پێشكەش كردووە. هەندێك كات ئیسرائیل دەیتوانی سوود لە ئاشتی لە بەرزاییەكانی جۆلان وەربگرێت و لە حزبوڵڵا بدات لە ناو سووریادا. بەڵام پێموا نییە ئیسرائیل لەم كاتەدا شەڕ لەگەڵ ئێراندا بكات، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێراندا. زۆر كاراكتەری نێودەوڵەتی گرنگ وەك پەكین و بەرلین و مۆسكۆ و لەندەن پاریس و واشینتۆن و ...تاد، دەیانەوێت ئەو رێككەوتنە ببینن سەربكەوێت لە جیاتی ئەوەی كە ئیسرائیل لە ئێران بدات.
لە كۆتایی قسەكانیدا سین فۆڵى هەروەها گوتی: سووریا تەنیا یەكێكە لەو ناوچە زۆرانەی ناكۆكی لە نێوان ئێران و سعودیەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووست كردووە، من پێشبینی دەكەم كە گفتوگۆی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت. هاوپەیمانە جیهانییەكانی هەم تاران و هەم ریاز هێندە لە پرۆسەكەوە تێوە گلاون كە تاران و ریاز ناتوانن لە یەكیان دووربخەنەوە. لوبنان و یەمەن ناوچەی تری ناكۆكین لە نێوان ریاز و تاراندا. بە شێوەیەكی بەرچاو ریاز و هاوپەیمانەكانی هێزی سەربازی گرنگیان لە یەمەندا بڵاوكردووەتەوە. هەروەها ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە كە لە سێدارەدانی ٤٧ كەسەكە هاوكات بوو، لەگەڵ شكستی ئاگربەستەكە لەیەمەندا. دەبێت بزانین كە لەسەدا بیستی دانیشتووانی سعودیە لە باشوور دەژین.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1057)
