کۆسرەت رەسوڵ: پێشمەرگە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت
کۆسرەت رەسوڵ عەلی، کە هاوکات جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، لە میانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کارملۆ ڤیکارا، کونسوڵی پێشوو و د. دیپیپۆ، کونسوڵی ئێستای ئیتاڵیا لە هەولێر ئاماژەی بە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش کردووە و گوتوویەتی، ”پێشمەرگە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێ و سەرجەم ھێرش و پەلامارەکانیان بەرپەرچ بداتەوە“.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ عەلی بە پێویستی زانیوە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ”لەئاست ئەو قارەمانێتییەی ھێزی پێشمەرگە، ھاوکاری زیاتری پێشمەرگە بکا لەڕووی چەک و تەقەمەنی و پێداویستییە جەنگییەکان“.
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی قۆناغی دوای کۆتایی هاتنی مەترسییەکانی داعشی لەسەر کوردستانی باشوور کردووە و داوای لە وڵاتانی ھاوپەیمانی کورد و گشت جیھان کردووە، ”ھاوکار و پاڵپشت بن بۆ ئەوەی لە گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکەدا کورد رۆڵی دیار و کارای ھەبێ، ھەروەھا لەدوای تەواوبوونی جەنگی دژ بە تیرۆر ھاوکارو پاڵپشتی دۆزی رەوای گەلی کورد بن و و مافە نەتەوەییەکانی لەبەرچاو بگیرێ“.
باسنیوز
