سەرکردەیەکی یەکگرتوو: هیچ کاتێک هێندەی ئێستا بۆ سەربەخۆیی لەبار نەبووە

سەرکردەیەکی یەکگرتوو: هیچ کاتێک هێندەی ئێستا بۆ سەربەخۆیی لەبار نەبووە
سەرکردەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە لە مێژووی کورددا، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا بۆ سەربەخۆیی لەبار نەبووە.



غازی سەعید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی رایگەیاندووە، کە یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەیە بۆ ھەر پێشکەوتنێک لە هەنگاوەکان بەرەو سەربەخۆیی کوردستان و بەپێویستیشی دەزانێت ”ھەموو لایەنە سیاسییەکان کۆک بن لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان“.



غازی سەعید پێیوایە، هیچ کەس و لایەنـێک قبووڵ ناکات لایەنێک لەسەر ئەو بابەتە ناکۆک بێت، ”ئەگەر لایەنەکان ناکۆک بن ناتوانین لەو ڕووەوە ھەنگاوی باش بنێین“.



بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی یەکگرتوو، بابەتی ریفراندۆم ”پرسێکی گرنگە“، رەوشی ھەرێمی کوردستان لەبارە بۆ سەربەخۆیی و ”ھیچ کاتێک لە مێژووی ھەرێمی کوردستاندا وەک ئەم قۆناغە لەبار نەبووە بۆ سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان“.



غازی سەعید ئاماژەی بە هەڵوێستی حزبەکەشی لەبارەی سەربەخۆییەوە کردووە و رایگەیاندووە، بابەتی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بۆ ئەوان ”لە پێش ھەموو شتێکەوەیە، ھەتا لە کۆنگرەی شەشدا یەکەم خاڵی ئێمە باس لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان دەکات“ و دڵنیاییش دەدات لەوەی، ”ھەر ھەوڵ و بزاڤێک لەو بوارە، ئێمە بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریی لێ دەکەین و ھاوھەڵوێستین و پشتی دەگرین“.











باسنیوز
Top