حوسێن یەزدانپەنا: به‌ وریاییه‌وه‌ داعشمان بڵاوه‌ پێكرد

 حوسێن یەزدانپەنا: به‌ وریاییه‌وه‌ داعشمان بڵاوه‌ پێكرد
جێگری سەرۆکی پارتیی ئازادیی کوردستان دەڵی، تیرۆریستانی داعش ھێزێیان کۆوە کردبوو ھێرش بکەنە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە ئۆپراسیۆنێکی لەناو جەرگەی داعش کرد و، بڵاوەی بەو ھێزە کرد و زیانی زۆریشی پێ گەیاندن.

جێگری سەرۆکی پارتیی ئازادیی کوردستان (حوسێن یەزدانپەنا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ باران بوو؛ تیرۆریستانی داعش هێزیان کۆوە کردبوو ھێرش بکەنە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە شەوه‌کەی بە وریاییەوە هەستی لێ ڕاگرتبوون؛ بەرپرسی میحوەریش دکتۆر کەمال کەرکووکی تا بەیانی لەگەڵ ئێمەدا بوو، ئیتر ئەوە بوو نەیانتوانی زەفەر بە ھێزی پێشمەرگە ببەن و ھێرش بکەن و بەیانی ھێزەکانیان بڵاوە پێکرد و پلانەکەیان لێ پووچەڵ بووەوە و سەری نەگرت."

حوسێن یەزدانپەنا گوتیشی، ئەمڕۆ ئێمە بۆ ھەراسانکردنی داعش ھێرشمان کردە سەریان لە گوندی مزێریە کە نزیکترین گوندە لە ئێمەوە؛ پێشنیوەڕۆ ھێرشەکە دەستی پێکرد و گوندەکەمان گەمارۆ دا و بە هەموو چەکێک داعشمان کوتا؛ تا ئێوارە ئۆپراسیۆنەکە بەردەوام بوو، هەتا داعش شکا و، ھێزەکەیان ڕای‌کرد و لەوێدا نەمان.
(یه‌زدانپه‌نا) گوتیشی، لەو ھێرشەدا تیرۆریستانی داعش زیانی زۆریان کرد و، هەر هیچ نەبێ پێنجیان لێ کوژراوە.

گوتیشی، ئامانجی ئێمە گرتنی گوندەکە نەبوو بەڵکو پرۆسەیەکی پارتیزانی بوو لە ناو جەرگەی داعشاندا، هەر بۆ بڵاوەپێکردنی ھێزی داعش بوو، چونکە گرتنی گوند و شوێن پێویستی بەبڕیاری سەرەوە ھەیە.
Top