سنووری حاجی‌ئۆمەران کرایەوە

سنووری حاجی‌ئۆمەران کرایەوە
دوای ئەوەی بە هۆی ئەو شەپۆلە بەفر بارینەی ناوچەکەی گرتبوویەوە، بۆ ماوەی زیاتر لە 9 رۆژ بوو جموجۆلی بازرگانی لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی‌ئۆمەران وەستابوو، ئەمڕۆ سنوورەکە کرایەوە و ئێستا جموجۆلی بازرگانی و گەشتیاری ئاسایی بووەتەوە.

(مەغدید عەریف) بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی‌ئۆمەران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەهۆی ئەوەی لە ناوچەکە زیاتر لە مەترێک بەفر باریبوو، ئێرانیش دیوی خۆی لە بەفر پاک نەکردبوویەوە، ئەوە بوو بۆ ماوەی 9 رۆژ جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی حاجی‌ئۆمەرانەوە پەکی کەوتبوو، جووڵەی گەشتیاریش وەک پێویست نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی ئێران دیوی خۆی خاوێن کردەوە، جموجۆلی بازرگانی و گەشتیاری ئاسایی بووەیەوە و ئەمڕۆ زیاتر لە 500 بارهەڵگر هاتوچۆیان کردووە."

گوتیشی: "سنووری نێودەوڵەتی حاجی‌ئۆمەران سنوورێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و داراییەوە، لەم چەند رۆژەدا کە جموجۆڵی بازرگانی وەستاو بوو، زیانی بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو و تەنانەت زیانی بۆ کاسبکاران و شۆفێرانی ناوچەکەیش هەبوو، کەلوپەلی لە بازاڕیش گران کردبوو."

شایانی باسە، سنووری نێودەوڵەتی حاجیئۆمەران سنوورێکی گرنگی بازرگانی و گەشتیارییە، هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بە یەکەوە دەبەسێتەوە، لە ساڵی 2008 بە فەرمی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە.
Top