نێچیرڤان بارزانی لە قۆناخی دووەمی چاكسازیدا 21 بڕیار دەردەكات

 نێچیرڤان بارزانی لە قۆناخی دووەمی چاكسازیدا 21 بڕیار دەردەكات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان 21 بڕیار وەک هەنگاوی دووەمی چاکسازی دەردەكات. ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش بەشێك لە بڕیارەکان ئاشکرا دەکات.

فرسەت سۆفی، ئەندامی لیستی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان رايگەیاند، قۆناخی دووەمی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتییە لە 21 بڕیاری گرنگ و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر کردوون.

سۆفی چەند بڕیارێکی ئاشکراکردن و گوتی " 2 مووچەیی ناهێڵدرێت و ئەو کەسەی 2 مووچەی هەبن و لەماوەی یەک مانگدا خۆی یەکلانەکاتەوە، کۆی ئەو مووچانەی لە ساڵانی رابردوودا وەری گرتوون، دەبێت بیانگەڕێنێتەوە، بەپێچەوانەشەوە بەپێی یاسا مەمەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".

بڕیارێکی دیکەی چاکسازییەکە بریتییە لەو قەرزەی کە لەلای بازرگانان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتە، بەجۆرێك دەبێت ئەو قەرزە لەماوەی یەک مانگدا بۆ حکومەت بگەڕێندرێتەوە، بەپێچەوانەوە بارمتەکانیان (رەهن) دەفرۆشرێن.

هەروەها بڕیاردراوە بە دروستکردنی سێ پاڵاوگەی نەوت لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک. خاڵێکی دیکەی چاکسازییەکە راستەوخۆ پەیوەندی بە هاونیشتمانییەوە هەیە و سەرجەم خانووەکانی نیشتەجێبوون لەسەر هاونیشتمانیان تاپۆدەکرێن، بەڵام بە یاسای عدم تصرف. لەمەودواش گۆڕینەوەی پارەی داهاتی نەوت لە دۆلارەوە بۆ دینار، لەلایەن لیژنەیەکی باڵا ئەنجام دەدرێت.

سەبارەت بە کارەبای نیشتمانیش، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ بڕینی زیادەڕۆیی سەر کارەبا.















رووداو

Top