سەلیم جبووری: پێشمەرگە ڕۆڵێکی کاریگەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەگێڕێت
”سەلیم جبووری“، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە میانی وتەکەیدا لە دیداری دووەمی ڕاوێژکاریی نێوان هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگای (نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنبار) کە ئەمڕۆ یەکشەممە 10\1\2016 لە شاری هەولێر بەسترا، ئاماژەی بەوە کرد، پێشمەرگە هاوشانی هێزە عێراقییەکان، ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا دەبینن. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کاتی دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ نزیک بووەتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە میانی وتەکەیدا جەختی لەسەر پێویستیی خەرجکردنی مووچە بۆ فەرمانبەران و خەڵکی ئەو ناوچانە کردەوە کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش دان و گوتی: ”ئەو کەسانەی لە ژێر دەستی داعش دان، کێشەیەکی زۆریان هەیە و لە مەینەتییەکی گەورەدا دەژین، پێویستە مووچەی سەرجەم ئەو ناوچانەش بدرێت کە لە ژێر دەستی داعش دان، دەبێت ئەو پارانەی کە شایانی ئەوانە و بۆیان دەگەڕێتەوە، بۆیان خەرج بکرێت“.
باسنيوز
