پێویستە هەمووان بۆ ریفراندۆم پشتگیری لە سەرۆك بارزانی بكەن

پێویستە هەمووان بۆ ریفراندۆم پشتگیری لە سەرۆك بارزانی بكەن

سیاسەتمەداری كورد (د. مەحموود عوسمان) دەڵێت، پێویستە هەموو لایەنەكان پشتگیری لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن سەبارەت بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی
كوردستان.

(د. مەحموود عوسمان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بۆ ئەوەی ریفراندۆم كاریگەری هەبێت، پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە، ئەگەر نا كورد هەمووی لەگەڵ ریفراندۆمدایە، بەڵام بۆ ئەوەی بایەخی هەبێت، پێویستە شێوەیەكی فەرمی وەربگیرێت و لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بێت".

(عوسمان) گوتیشی: "لە ئێستادا لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە زۆر باسی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەڵام ئەوە زیاتر لەبەر پێشمەرگە و شەڕی داعشە، بۆیە ئاگادار نیم ئاخۆ "یوئێن" رازییە بە ڕیفراندۆم و ڕای ئەوان وەرگیراوە یاخود نا، چونكە پێویستە رەزامەندیی ئەوان وەربگیرێت بۆ ئەوەی بە فەرمی وەری بگرن".

ئەو سیاسەتمەدارە ڕوونیشی كردەوە: "پێویستە كار بكرێت بۆ ئەوەی "یوئێن" رازی بكرێت، لەبەر ئەوەی ئێمە گەلێكین و مافی خۆمانە ریفراندۆم بكەین و قەناعەتیان پێ بكەین".

گوتیشی، پێویستە هەموو لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان پشتگیری لە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و، سەرۆكیش بە ناوی هەمووانەوە ئەو كارە بكات، ئەوكات بەهێزتر و سەركەوتووتر دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان یەكگرتوو بن، لەبەر ئەوەی، ئەمە پرسێكی نەتەوەییە.
راشیگەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی زۆر باشی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە، بۆیە دەتوانێ رۆڵی خۆی ببینێ لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
Top