فەرماندەیەکی پێشمەرگە: هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر هێزەکانی تورکیا لە باشیک

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە: هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر هێزەکانی تورکیا لە باشیک

سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیک رەتیدەکاتەوە چەکدارانی داعش هێرشیان کردبێتە سەر هێزەکەی تورکیا لەو ناوچەیە.

حەمید ئەفەندی رايگەیاند: "لەو رۆژانەدا چەکدارانی داعش هیچ هێرشێکیان نەکردووەتە سەر باشیک و هێزەکەی تورکیا لە شوێنێک نییە هێرشی بکرێتە سەر".

سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیک راشیگەیاند: "تورکیا هێزێکی زۆر کەمی لەو ناوچەیە جێگیرکردووە و ئەو هێزەش لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دەپارێزرێت".

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە دەربارەی رەوشی میحوەری باشیک گوتی: "داعش دوای هەوڵە شکستخواردووەکەی بۆ سەر میحوەری باشیک، هێرشێکی بەرچاوی ئەنجام نەداوەتەوە. ماوەماوە تەقە لە بەرەکانی پێشمەرگە دەکەن و تۆپخانەکانی هێزی پێشمەرگەش بارەگاکانیان تۆپباران دەکەن".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی 8-1-2016 رایگەیاند:"داعش هێرشی کردووەتەوە سەر ئەو سەربازگەیەی کە هێزەکانی تورکیا مەشق و راهێنان بە هێزەکانی عێراق دەکەن".

میدیاكانی سەر بە حكومەتی توركیا رایانگەیاندبوو، لەو هێرشەدا "17 چەكداری داعش كوژراون، بەڵام هیچ سەربازێكی توركیا بریندار نەبووە و نەكوژراوە".

رۆژی 4-12-2016 سوپای توركیا ژمارەیەک سەرباز و راوێژكاری سەربازی بە چەكی قوڕسەوە لە باشیكی نزیك موسڵ جێگیركرد، ئەمەش کاردانەوەی تووندی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە و تەنانەت رۆژی شەممەش 9-1-2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای "دەستبەجێ کشاندنەوەی ئەو هێزە"ی کرد.

ئەوە چەندەمینجارە حکومەتی عێراق بەفەرمی داوای کشانەوەی هێزەکەی تورکیا دەکات و تەنانەت لەیەکەمین کاردانەوەدا 48 کاژێر مۆڵەتی دابووە ئەنقەرە، بەڵام حکومەتی تورکیا جەخت لەسەر مانەوەی هێزەکەی دەکاتەوە.













رووداو


Top