سەردانی ژمارەیەك مامۆستای ئایینی بۆ ئێران كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە
یەكێتی زانایانی کوردستان ئیدانەی سەردانی ژمارەیەک مامۆستایانی ئایینی باشووری كوردستان بۆ ئێران دەكات و دەڵێت "حكومەتی ئێران دەست لەكاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان وەردەدات".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-1-2016 ئاژانسی هەواڵی فەرمی حكومەتی ئێران بڵاویكردووەتەوە، محەممەد حوسێنی شاهرودی، نوێنەری رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای سنە، لەگەڵ ژمارەیەك مامۆستای ئایینی باشووری كوردستان كۆبووەتەوە، یەكێتی زانایانیش ئیدانەی ئەو سەردانە دەكات.
مەلا عەبدوڵڵا مەلا سەعید وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رايگەیاند"ئێمە وەكو یەكێتی زانایان بە دوور و نزیك ئاگاداری سەردانی ئەو كۆمەڵە زانایە نین، بۆیە بە تووندی ئیدانەی ئەم جۆرە سەردانانە بەبێ ئاگاداری ئێمە و لایەنی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین".
مەلا عەبدوڵڵا گوتیشی، هیچ شاندێكی زانایانی هەرێمی كوردستان لە ئێران نییە، بەڵكو كۆمەڵێك زانا و كەسایەتی ئایینی "سەر بە هەندێك حیزبی ئیسلامی بەبێ پرس و ئاگاداری ئێمە سەردانی ئێران دەكەن و لەگەڵ بەرپرسانی ئایینی ئیران كۆدەبنەوە".
سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد "ئێمە چەند جارێك لایەنی فەرمی و كونسوڵخانەی ئێرانمان ئاگاداركردووەتەوە، كە دەست لەكاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان وەردەدەن و ئێمەش قبووڵی ناكەین".
سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دەڵێت، بە بەرپرسانی ئێرانیان راگەیاندووە، كە هیچ زانا و كەسایەتییەكی ئایینی نابێت بەبێ ئاگاداری ئەوان و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و وەزارەتی ئەوقاف بانگهێشت بكەن".
بەپێی هەواڵەكەی ماڵپەری حكومەتی ئێران، محەممەد حوسێنی شاهرودی نوێنەری عەلی خامنەیی لە پارێزگای سنە بە زاناكانی باشووری كوردستان راگەیاندووە "رێبەری ئێران بایەخێكی تایبەت بە كورد دەدات" و ئەوانیش وەك بەرپرسانی ئەو پارێزگایە لە هەوڵدان پەرە بە پرۆسەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای سنە بدەن و لەو رێگەیەوە، دەیانەوێت خزمەتی بەرچاو بە هەرێمی كوردستانیش بگەیێنن.
رووداو
