پۆلیسی هەولێر: كچە پارێزەرەكە خۆی كوشتووە

 پۆلیسی هەولێر: كچە پارێزەرەكە خۆی كوشتووە

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، كچە پارێزەرەكە لەنێو گەڕەكی دریم سیتی خۆی كوشتووە و رەتیكردەوە كوژرابێت.

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی لە هەولێر رایگەیاند، كچەكە لەنێو دریم سیتی بە گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن خۆی كوشتووە.

بەگوتەی پۆلیسی هەولێر، بەپێی راپۆرتی دادی پزیشكی "كچە پارێزەرەكە دستدرێژی نەكراوەتەوە سەر و شوێنەواری ئازار و لێدان بە جەستەیەوە نەبووە".

لەبارەی وردەكاری رووداوەكە عەبدولخالق تەڵعەت رایگەیاند، رۆژی 3-1-2016 رووداوەكە روویداوە بەجۆرێك "كاتژمێر 12:25 خولەكی نیوەڕۆ، ناز سلێمان چووەتە نێو گەڕ‌ەكی دریم سیتی و بە تەنها بووە، دوای 16 خولەك لە ئۆتۆمبێلەكە دەمێنێتەوە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ كەسێك لە ئۆتۆمبێلەكە نزیك ببێتەوە، یان هیچ كەسێك لە ئۆتۆمبێلەكە بێتە دەرەوە".

عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی "دوای مانەوەی بۆ ماوەی 16 خولەك، كچە پارێزەرەكە جامی ئۆتۆمبێلەكانی داخستووە و ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات، كە بەهۆی ئاگرەكە گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن دروستبووە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەكرد، بۆ رۆژی دواتر واتە 4-1-2016، هەر چوار جامی ئۆتۆمبێلەكە رەش دەبێت، بۆیە، كاتژمێر 11ی بەیانی، خەڵك ئاسایشی بەختیاری ئاگادار دەكەنەوە و تیمەكان دەگەنە ئەو شوێنە.

بەگوتەی عەبدولخالق تەڵعەت بەپێی راپۆرتی دادی پزیشكی، بەهۆی كاریگەری گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن ناز سلێمان، گیانی لەدەستداوە.

Top