سهرۆك بارزانی بۆ نوێنهر و كۆنسووڵی وڵاتان، پێداگیری لهسهر راپرسی كرد.. دهبێ جیهان بزانێ كه گهلی كوردستان چی دهوێ
ئهمڕۆ چوارشەممە 6ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك نەریتێكی ساڵانە بە مەبەستی گەیاندنی بیروبۆچوون و سیاسەتی گشتیی هەرێم بە نوێنەری وڵاتان لەسەر پرسە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و دەولییەكان، لەگەڵ سەرجەم كونسووڵ و سەرۆكی نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەولێر كۆبۆوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) گوتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد و تێیدا وێڕای بەخێرهێنانیان پیرۆزبایی ساڵی تازەی زایینی لە نوێنەری وڵاتان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن. سەرۆك بارزانی لە گوتەكەیدا بە تێروتەسەلی باسی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعشی لە عێراق كرد و مەترسییەكانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییەی بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و كۆی مرۆڤایەتی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و باسی لە قۆناغەكانی شەڕی پێشمەرگە و داعشی كرد كە تێیدا پێشمەرگە بە قوربانیدانێكی زۆر سەرەتا هەوڵی دا خەڵك و پێكهاتەكان ڕزگار بكات و بیانپارێزێت و دواتر ڕێگە لە پێشڕەویی تیرۆریستان بگرێت و دواجاریش بكەوێتە قۆناغی هێرشبردن و شكستدانی تیرۆریستان.
لەدرێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) پێزانینی هەبوو بۆ قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و سوپاسی هاوكاری و پشتیوانیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانیشی كرد كە بوونە هۆی ئەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە خێراتر ببن و ئاستی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بە زۆر سەركەوتوو وەسف كرد.
پەیوەست بە قۆناغی دوای داعش و ئازادكردنی مووسڵ هێمای بەوەدا كە زۆر گرنگە بتوانرێ لە قۆناغی دوای داعش بارودۆخ و ئیجرائاتێكی وا بگیرێتەبەر كە كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە و خەڵكی ناوچەكە لە ئاییندەی خۆیان دڵنیا بن. لەبارەی ئاییندەی ناوچە ئازادكراوەكانیش (سەرۆك بارزانی) جەختی لەوە كردەوە كە ئێمە هیچ سیغەیەك ناسەپێنین و پێمانوایە كە دەبێ ڕێگە بە خەڵكی ناوچەكان بدرێت لەڕێگەی ڕاپرسی بڕیار لەسەر داهاتوویان بدرێت و ڕێز لەم بڕیارە بگیرێت. لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە داعش هەڕەشەیەكە بۆ هەموو جیهان و پێویستە وڵاتان ناكۆكییەكانیان تێكهەڵ بە شەڕی تیرۆر نەكەن و تەنیا تەركیز لەسەر لەناوبردنی داعش بكەن.
باسكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری قسەكانی سەرۆك بارزانی بوو و تێیدا ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان یارمەتیی حكوومەتی تازەی عێراقی داوە و لە دیالۆگ و گقتوگۆ بەردەوام دەبێت. بە پێویستیشی زانی كە شەراكەتێكی ڕاستەقینە بێتەئارا یان ڕێككەوتن لەسەر سیغەیەكی تازە بكرێت بە شێوازی ئاشتیانە و بە دیالۆگ بۆ ئەوەی بتوانین بە ئاشتیانە و برایانە لەتەك یەكتردا بژیین و چیتر كارەسات و نەهامەتی دووبارە نەبنەوە.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) پێداگیری لەسەر ڕاپرسی كرد بۆ ئەوەی هەموو جیهان بزانێ كە گەلی كوردستان چی دەوێت و چۆن بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات و جێبەجێكردنی ئیرادەی خەڵكی كوردستانیش لە كاتی گونجاو و بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی دەبێت. سەرۆك بارزانی باسی لە بارودۆخی ئابووریی هەرێمیش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە بڕینی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و میوانداریی 1.8ملیۆن ئاوارە هۆكاری دروستبوونی قەیرانی ئابوورین و داوایشی لە وڵاتان كرد كە زیاتر هاوكاری پێشمەرگە بن و لە یارمەتیدانی ئاوارەكاندا هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن چونكە بارێكی زۆر قورسە و لە ئاستی تواناكانی حكوومەتی هەرێم چووەتەدەر.
لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێم سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە لەپێناو یەكڕیزی و تێپەڕاندنی تەحەدیات حكوومەت و پارلەمان لەسەر بنەمای تەوافوق پێكهات بەڵام دوای پێشێلبوونی تەوافوق ئەوە پێویست دەكات حكوومەت و پارلەمان لەسەر بنەمایەكی تازە بەردەوام بن لەسەر كارەكانیان. سەرۆك بارزانی باسی لەوەیش كرد كە ناكۆكییەكانی ناوخۆی ناكۆكی مەترسیدار و قووڵ و تاییفی نین بەڵكو ناكۆكیی سیاسین و قابیلی چارەسەرن، لەگەڵ حزبەكاندا هەوڵ دەدەن لەسەر كۆی گرفتەكان بگەنە ئەنجامێك.
(سەرۆك بارزانی) لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لە سیاسەتی گشتی هەرێمی كوردستان كرد بەرانبەر ململانێ ناوچەیی و تاییفییەكان و ڕایگەیاند كە ململانێی تاییفی بابەتێكی مەترسیدارە و گەلی كوردستانیش نە كێشەی تاییفی هەیە و هەرگیز نابێتە بەشێك لە ململانێی تاییفی لە ناوچەكەدا. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە لەپێناو بردنەوەی ئاشتیدا پێویستە كۆتایی بە تۆڵە و ململانێی تاییفی بهێندرێت. ئەگەر وڵاتان بەردەوام بن لەم ململانێكان داعشیش تەواو بێت ئەوە دیاردەی مەترسیدارتر لە داعش سەر هەڵدەدات.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەر و كونسووڵی وڵاتان لە هەولێر سوپاسی (سەرۆك بارزانیان) كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و هیوای سەركەوتنیان بۆ گەلی كوردستان خواست و ستاییشی پێشمەرگە و سەركردایەتی هێزی پێشمەرگە كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هەروەها پێزانینیان هەبوو بۆ خۆڕاگری گەلی كوردستان و فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبوردەی گەلی كوردستان.
هەروەها لەبارەی شەڕی تیرۆر و بارودۆخی ئابووریی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی كۆبوونەوەی دایەوە.
