دهۆک، بەفرێکی قورسی لێ نیشت

دهۆک، بەفرێکی قورسی لێ نیشت
بەفر و کڕێوە هەرێمی کوردستانی گرتەوە؛ ڕێگەی دەیان گوند و ئاوایی گیراوە و، هاتوچۆ پەکی کەوتووە؛ بەڵام وەک بەرپرسانی ئەو ناوچانە ئاماژەی پێ دەکەن، ڕێگە سەرەکییەکان کراونەتەوە، ئەڵبەت ئەو شوێنانەی بەفری سەختیان لێ باریوە، تاقیکردنەوەی قوتابیان ڕۆژێ دوا خراوە.

(غەفوور ئەحمەد) قایمقامی شارۆچکەی مێرگەسۆر، دەڵێ: "لە ناوشاری مێرگەسۆردا نیو مەتر بەفر و لە گوندەکانی دەوروبەرمەترە بەفرێک زیاتریش باریوە. تیمەکانی بەفرڕاماڵین دەستیان بە کاری خۆیان کردووە، تا ئێستا زۆربەی ڕێگە سەرەکییەکانی خاوێن کراونەتەوە و، هیچ کێشەیەک نییە، هەڵبەت جارێ ڕێگەی گوندەکان ماوە، ئەوەیش کاتی دەوێت."

سەبارەت بە دەوام، قایمقامی شارۆچکەی مێرگەسۆر دەڵێ: "ئەمڕۆ لە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆردا تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم لە هیچ قوتابخانەیەکدا نەکرا؛ ڕێگا ئەوەندە بەفراوی بوو، فەرمانبەرانیش دەوامیان پێ نەەکرا."

(دێوالی حەمێ) بەڕێوەبەری نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "دوێشەو دیسان کردییەوە بە کڕێوە و، سنووری دهۆک، بەفرێکی قورسی لێ نیشت؛ لەبەر بەفر ڕێگاوبا زۆربەی گیراوە؛ بە تایبەتی ناوچە شاخاوییەکان؛ ئەڵبەت هەر لە سەعات حەفتی ئەم بەیانییەوە، حەفت تیممان ناردووە بۆ ڕێگاماڵین و، لادانی بەفرەکە؛ وا ئێستا هاتوچۆ لە نێوان دهۆک ـ زاخۆ، دهۆک ـ ئامێدی ئاساییە؛ بۆ ڕێگاکانی دیکەیش تیمەکانی ئێمە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەو ڕێگانەیش بکرێنەوە بۆ ئەوەی گرفتی هاتوچۆ دروست نەبێت."

(فەیسەڵ حسێن) بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "لە سنووری شارۆچکەی چۆمان، سۆران، مێرگەسۆر و ڕواندز، بەفرێکی باش باریوە؛ لەو بۆنەوە هەندێ شوێن کارەبای لێ بڕاوە؛ لە هەندێک گونددا بەفرەکە ئەوەندە قورسە، پێمان نەکراوە تیمەکانمان بنێرین بۆ چاککردنەوەی کارەبای ئەو گوندانە، بەڵام لە هەوڵداین هەرچی زووە ئەو شوێنانەی کارەبایان لێ بڕاوە، فریایان بکەین."

گوتیشی: "ئێستا ڕەوشی کارەبا زۆر خراپە، تەنیا 9 سەعات کارەبای نیشتمانی هەیە، بەڵام بەردەوام لە هەوڵداین ڕەوشی کارەبا باش بکەین."

(چەتۆ ئەحمەد) بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمان، گوتى: "لە دەڤەری چۆمان و حاجی‌ئۆمەراندا بەفرێکی زۆر باریوە، بەڵام گورجێ ڕێگاوبان خاوێن کرایەوە و، زۆربەی زۆری قوتابخانەکان تاقیکردنەوەیان لێ کرا و، هیچ کێشەیەک نییە؛ ئەگەرهاتو بەفرەکە خۆشی نەکرد و، زیاتر نیشت و، زەوروور بوو، تاقیکردنەوەکان دوا دەخەین."
Top