پێشمەرگە لە خازر دوو هێرشی داعشی تێکشکاند
سەید هەژار، جێگری فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕایگەیاند، "کاتژمێر ١٢ی شەوی ڕابردوو، چەکدارانی داعش لە گوندی وەردەک هێرشیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بەڵام بە توندی وەڵام دراونەتەوە و هێرشەکەیان لەلایەن پێشمەرگەوە تێکشکێنراوە."
هەروەها ڕاشیگەیاند، کاتژمێر ٣ی شەو جارێکی تر داعش هێرشێکی دیکەی بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئەنجام داوە، بەڵام دووبارە بە هاوکاری بۆردومانی هاوپەیمانان تێکشکێنراوە.
جێگری فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، داعش سودی لە دۆخی کەشوهەوا وەرگرتووە، بەڵام ئەوان پێشتر زانیارییان هەبووە کە داعش هێرش دەکات، بۆیە هەموو ئامادەسازیەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی داعش کردووە، وتیشی، پێشمەرگە هیچ زیانێکی گیانی بەرنەکەتووە.
هەر شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان چەکدارانی داعشیان لە میحوەری بەنداوی موسڵ بۆردومانکرد و بە پێی وتەی فەرماندەکانی پێشمەرگە داعش زیانی بەرکەوتووە.
