ئیسف محەممەد سەرۆك پەرلەمانی پێشوو، 120 ملیۆن دیناری بۆ نووسینگەی سلێمانی خەرج کردووە“
مەدینە ئەیوب شەرناخی پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی کاروباری پەرلەمانی کوردستان را گەیاند پەرلەمانی کوردستان ٨ نووسینگەی ھەیە کە مانگانە خەرجییەکی زۆریان ھەیە و ھەموو نووسینگەکانیش بەکرێ گیراون.
مەدینە ئەیوب وردەکاریی خەرجیی ئەو ٨ نووسینگەیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: لە دھۆک مانگانە ٣ ملیۆن دینار وەکو کرێ بۆ نووسینگەی پەرلەمان خەرج دەکرێت و ١٣ فەرمانبەری ھەیە، لە ئاکرێ ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار دینارە کە ٨ فەرمانبەریشی ھەیە، لە رانیە مانگانە ٢ ملیۆن دینارە و ١٥ فەرمانبەریشی ھەیە.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: لە زاخۆ ٢ ملیۆن دینارە و ٦ فەرمانبەری ھەیە، لە سۆرانیش ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینارە و ١٠ فەرمانبەریشی ھەیە، لە ھەڵەبجە ٢ ملیۆن دینارە و ٨ فەرمانبەری ھەیە، لە سلێمانی کرێی نووسینگە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینارە و ژمارەی فەرمانبەرانیشی ١٥ فەرمانبەرە.
ئەندامەکەی لیژنەی کاروباری پەرلەمان روونی کردەوە لە ماوەی سەرۆکایەتیی یوسف موحەمەد چەند نووسینگەیەکی تری پەرلەمان کراونەتەوە، گوتیشی: لە سەردەمی یوسف محەمەد نووسینگەی کەرکووک کرایەوە کە تەنھا کرێی مانگانەی زیاتر لە ٤ ملیۆن دینارە و ١٩ فەرمانبەریشی بۆ دامەزراندووە، نووسینگەیەکی تر لە لایەن یوسف محەمەد زیاد کراوە کە کرێ و خەرجیی لەسەر پەرلەمانە.
ئەو جەخت دەکاتەوە تەنھا کرێی مانگانەی ئەو نووسینگانە نزیکەی ٢٣ ملیۆن دینارە، جگە لە خەرجیی ئاو کارەبا و نەسرییەی مانگانە، گوتیشی: لانی کەم ھەر نووسینگەیەک جگە لە پارەی کرێی مانگانە، ملیۆنێک دیناری تری بۆ خەرج دەکرێت.
جگە لە کرێی ئاو و کارەبا و خەرجیی تر، ساڵانە تەنھا بۆ کرێی بینایەکانی نووسینگەی پەرلەمان ٢٧٦ ملیۆن دینار خەرج دەکرێت.
مەدینە ئەیوب گوتیشی: خەرجی و کرێی مانگانەی ئەو نووسینگانەی پەرلەمان بارقورسییەکی زۆریان لەسەر بودجەی گشتی دروستکردوە و پێویستە ئەو نووسینگانە لە شارەکان بچنە سەر بینایە حکوومیەکان و پێویست ناکات خانوویان بۆ بەکرێ بگیرێت، چونکە ئەو قەیرانە داراییەی لە کوردستان ھەیە بەرگەی ئەو ھەموو کرێ و خەرجییە ناگرێت.
ئەو پەرلەمانتارە روونی کردەوە دوای ئەوەی یوسف محەمەد چووەتە سلێمانی، خەرجییەکانی نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان زۆر زیادیان کردووە، گوتیشی: سەرۆکی پەرلەمان ٥٠ ملیۆن دیناری و بۆ کڕینی کەلوپەل بۆ نووسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی خەرج کردووە، بەڵام چۆنیەتیی خەرجکردنی ئەو ٥٠ ملیۆن دینارە بە وەسڵ روون نەکراوەتەوە، ھاوکات ٨٠ ملیۆن دیناری تریش لە لایەن یوسف محەمەد لە نووسینگەی سلێمانی خەرج کراوە.
مەدینە ئەیوب پێیوایە ھەندێک نووسینگەی پەرلەمان لەو قەیرانە داراییەدا زیادەن و دەبێت کەم بکرێنەوە، یان رێک بخرێنەوە.
پێشووتر مەدینە ئەیوب شیرناخی پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی کاروباری پەرلەمان، بە بەڵگەوەئاشکرای کرد، کە تەنیا لە ماوەی (١-١-٢٠١٥ تا ٣١-١٠-٢٠١٥) واتە کەمتر لە ساڵێک، سەرۆکایەتیی پەرلەمان زیاتر لە ٢٠ ملیار و ٢٥٣ ملیۆن دینار خەرجیی ھەبووە، کە زۆربەی بۆ ئیفاد و پاداشت و ھاوکاری بووە و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە فەرمانی خەرجکردن و بەخشینی دراوە.
باسنیوز
