"بەبێ هەرێمی كوردستان سەقامگیریی یەكێتیی ئەورووپا نایەتە دی"

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا دەڵێت، هاتنی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا زۆر گرینگە، بە تایبەت كە بۆ یەكەم سەردانی لە ساڵی نوێدا، هەرێمی كوردستانی هەڵبژاردووە.

(دلاوەر ئاژگەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەردانی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ هەرێمی كوردستان، گرینگیی خۆی هەیە بە تایبەت كە بۆ یەكەم چالاكیی خۆی لە ساڵی نوێدا، هەرێمی كوردستانی هەڵبژارد، كە ئەمەیش گرینگیی پێگەی سیاسیی هەرێم دەردەخات، مەبەست لە هاتنیشی ئەوەیە، لە نزیكەوە چاوی بە سەركردایەتیی كورد بكەوێت بۆ ئەوەی بزانن لە قۆناغی داهاتوودا یەكێتیی ئەورووپا چی بكات بۆ كورد، هەروەها ئەوەیشیان لا گرینگە ڕای (سەرۆك بارزانی) ببیستن و دۆخی ناوچەكە گفتوگۆ بكەن".

(ئاژگەیی) گوتیشی: "ئێمە لە هەوڵداین ئەو جۆرە سەردان و دیدارانە زیاد بكەین بۆ هەرێمی كوردستان و، لە هەرێمیشەوە سەردانی یەكێتیی ئەورووپا بكەن، لەبەر ئەوەی زۆر گرینگە كە نوێنەرایەتیی ٢٨وڵاتی ئەورووپا و٥٠٠ملیۆن كەس دەكات، بۆیە پێویستە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەبێت، بەتایبەت لەم قۆناغە كە لە قەیرانی ئابووریداین بۆ ئەوەی یەكێتیی ئەورووپا لە داهاتوو هاوكاریی دارایی هەرێم بكات".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا ڕوونیشی كردەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا باسی لەوە كرد كە، لەكاتی گەڕانەوەیدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆ دەبێتەوە بۆ ئەوەی داواكارییەكانی كورد بە وردی گفتوگۆ بكەن و دواتریش بڕیاری گونجاوی لەبارەوە دەربكەن.

جەختیشی كردەوە، جێگری سەرۆكی یەكێتیی ئەورووپا باسی لەوەیش كرد، سەقامگیریی یەكێتیی ئەورووپا زۆر گرینگە و، ئەو سەقامگیرییەیش بەبێ هەرێمی كوردستان نایەتە دی، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان پێگەیەكی زۆر بەهێزی هەیە، ئەو هەروەها بە داهاتووی هەرێمیش زۆر گەشبین بوو، لەبەر ئەوەی لە ماوەی رابردوودا زۆر هەنگاوی سەركەوتووی ناوە.
Top